مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان و دژکردەوەی توندی هێزە ئیتلاعاتییەکان

16:09 - 21 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: خەڵکی کوردستان لە هەمبەر ناڕەزایەتیدەربڕین بە ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد و مووشکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە قووڵایی خاکی کوردستان مانیان گرت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی خەرمانان، خەڵکی کوردستان، بەپێی بانگەوازێک لە ناوەندی هاوکاریی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران، بە نیسبەت ناڕەزایەتیدەربڕین بە ئێعدامی زیندانییانی سیاسی و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە قووڵایی خاکی کوردستان مانیان گرت.

لەو پەیوەندییەدا، کاناڵی تێلێگرامیی \"آنتی اغتشاش\" سەر بە ناوەندی خەبەریی شاری سنە، لە بەیاننامەیەکدا، داوای لە لاوان و خەڵکی کوردستان کردووە، کە بە دەم بانگەواز و چالاکیی ڕاگەیاندنەکانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران نەچن و خۆیان دوور بگرن لە پێویستبوون بە مانگرتنی گشتیی کوردستان.

چالاکانی مەدەنیی کوردستان لەو بڕوایەدان، کە ئەو بەیاننامەیە، لە ترسی یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان و پێشوازی لە بانگەوازی حیزبە کوردییەکان و بردنە ژێر پرسیاری ماهییەتی حکوومەتی ئێرانە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە.