مانگرتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی بانە پێی نایه دووهەمین ڕۆژی خۆی

16:05 - 30 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: مانگرتنی کۆڵبەران، کاسبکاران و دوکاندارانی شاری بانە درێژەی هەیە و پێی نایە دووهەمین ڕۆژی خۆی و هاووڵاتییانی شاری بانە لە کردنەوەی دوکان و پاساژەکانی ئەو شارە خۆیان بوارد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەشێکی زۆر لە کاسبکاران و دوکاندارن لە شاری بانە بە هۆی داخرانی سنوورەکان، بۆ دووهەمین ڕۆژ دەستیان دایە مانگرتن و ڕانگەیاند: هەتاکو بەرپرسانی حکوومەتی وڵامی داخوازییەکانمان کە کرانەوەیی سنوورەکانە، درێژە بە مانگرتنەکەی خۆمان دەدەین.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، دوکانداران خوازیاری ئەوە بوون کە بەرپرسانی ڕێژیم سنوورەکان بکەنەوە و ڕێگا بە بازرگان و کاسبکارانی ئەو شارە نەگرن.

جێگری سیاسی_ئەمنیەتی پارێزگای سنە لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکان ڕاگەیاندبوو، سەرەڕای ئەوەیکە سنوورەکان شوێنی داهاتی کاسبکاران و کۆڵبەرانه، بە شێوەی جیددی بە شوێن کرانەوەی سنوورەکانی ئەو شارەین و هیوادارین ئەو هەوڵانه سەر بگرێت و ئاکامێکی باشی هەبێ.

عەلی ڕەزا ئاشناگەر لە درێژەدا گوتی: سەرەڕایی درێژەکێشانی ئەو پرۆسەیە ناتوانین کاتێکی دیاری کردوە بۆ کرانەوەیی سنوورەکان دیاری بکەین.

داخرانی سنووەری شارەکانی کوردستان و مانگرتنی خەڵک یەکەم جار نیە و دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دیهەوێت کە قازانج و سوودەکانی ئەو سنوورانەی کوردستان بۆ شارە غەیرە کوردنشینەکان بگوازێتەوە.

سنوورەکانی کوردستان بۆ دانیشتووانی شارە سنوورییەکانی کوردستان یەکێک لە ڕێگاکانی داهاتی بژیوی ژیانە و مافی بێ‌ئەملاوئەملای خەڵکی کوردستانە کە لە قازانجەکانی ئەو سنوورانە کەڵک وەرگرن.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوکانداران و خاوەن پاساژەکانی شاری بانە سەر بە پارێزگای سنە، لەمەڕ داخرانی سنوورەکان لە بەردەم فەرماندرایی ئەو شارە مانیان گرت و دوکانیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی داخست.