مانگرتنی ژمارەیەک زیندانیی سیاسیی کورد لەزیندانەکانی ئێران

15:43 - 6 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٨ زیندانیی سیاسیی کوردی ناو زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە نیشانەی پشتیوانی لە زیندانیانی بەندی ٣٥٠‌ی ئێڤین دەستیان داوەتە مانگرتن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەرۆژی هەینی رێکەوتی ٥‌ی بانەمەڕەوە زیندانیانی سیاسیی کوردی ناو زیندانەکانی باشووری ئێران بەنیشانەی مەحکووم کرنی هێرشی مەئموورانی ئەمنیەتیی بۆ سەر گرتووخانەی ئێڤینی تاران مانیان لەخواردن گرتووە.

ئەو مانگرتنە بۆ ماوەی سێ‌رۆژ بەردەوام دەبێت و ژمارەیەک لە زیندانیانی دوورخراوەی کوردیش تێیدا بەشداران.

رێکخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، عەلی مورادی، کەماڵ شەریفی، محەممەد حوسێن رەزایی و ئەفشین سۆهرابزادە لەزیندانی میناب ـ کەریم مووسازادە، ئەسعەد سەڵواتی و شاکر عەیان پوور لەزیندانی بەندەرعەبباس ـ بەدیع حوسێن پەناهی لەزیندانی بەندەر لەنگە و چەندین زیندانی سیاسیی دیکە دەستیان داوەتە مانگرتن.

سەرچاوەکە راشیگەیاندووە، ژمارەیەک زیندانی دیکەش مانیان لەخواردن گرتووە کە ناویان لەناو ئامارەکەدا نەهاتووە و ئەو کارەشیان گەڕاندۆتەوە بۆ هەوڵێکی یەکگرتووانە و پشتیوانی کردن لە زیندانیانی سیاسیی بەندی ٣٥٠‌ی ئێڤین.

لەحاڵی حازردا بێجگە لەزیندانیانی بەندی ٣٥٠، ژمارەیەک زیندانیی دیکەی ناو گرتووخانەکانی رەجایی‌شار، تەورێز و ... بە مەبەستی هاودەنگی لەگەڵ زیندانیان، مانگرتنیان راگەیاندووە، کە مانگرتنی زیندانیانی رەجایی شار بۆ ماویەکی نادیار بەردەوام دەبێت.

رێکەوتی ٢٨‌ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ( پێنج‌شەممەی رەش)، نزیک بە ٢٠٠ مەئمووری تایبەت و ئەمنیەتیی هێرشیان کردە سەر بەندی ٣٥٠‌ی ئێڤین و زیندانیانیان دابوویە بەر لێدان و کوتان و هەتا ئێستا ١١ زیندانیی لەو ٣٢ زیندانییە راگوێزراوەی ژووری تاکەکەسییە، لەژوورە تاکە کەسییەکانی بەندی ٢٤٠‌دا راگیراون.

لەو هێرشەدا مەحەمەدسەدیق کەبوودوەند و \"سمکۆ خلقەتی\"‌یش بریندار بە دەستی مەئموورانی هێرشبەر بریندار کراون.