مانگرتنی سێ زیندانیی سیاسیی کورد لە دیزڵ‌ئابادی کرماشان

12:13 - 29 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی دەزگای قەزایی کرماشان، مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە رۆژی دووشەمەی ئەم حەفتەیەوە (٢٦ی رەشەمە) موحسین خودایاری، کیانووش رۆستەمی، نێعمەت فەتحی، کە سەرجەم بە ٤٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراون، لە ژووری تاکە کەسیی زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان مانیان لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەکێک لەو زیندانییە سیاسییە کوردانە بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو حوکمەی دەزگای قەزایی و ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکان، لیوەکانی خۆی تەقەڵ داوە.

لە رۆژانی رابردوودا هەرکام لە موحسن خودایاری خەڵکی شاری سەحنە و کیانووش روستەمی خەڵکی کرماشان بە ١٥ ساڵ زیندان و نێعمەت فەتحی خەڵکی کرماشان بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

ئەو سێ چالاکە سیاسییە کوردە، کە پەیڕەوی ئایینی (یاری)ـن، رۆژی ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری کرماشان دەستبەسەر کرابوون.

دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" راگەیاندووە.