مانگرتنی زیندانیانی عەقیدەتی گرتووخانەی رەجایی شار بە نیشانەی بێ‌رێزی پێكردن

14:40 - 24 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: مەئموورانی ئەمنیەتی و گاردی دژە شۆڕشی زیندانی رەجایی شاری كەرەج لەگەڵ زیندانیانی كورد و بنەماڵەكانیان تێكهەڵچوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوو كەس لە زیندانیانی سوننی مەزهەبی رەجایی شار بەناوەكانی جەهانگیر دەهقانی و جەمشید دەهقانی لەلایەن هێزەكانی ناو زیندانەوە دراونەتە بەر لێدان و كوتان.

ئەو دوو زیندانییە لەكاتێكدا لەگەڵ لێدان و بێ‌حورمەتیكردن بەرەوڕوو بوونەتەوە كە بەرپرسانی سالۆنی \"ملاقات\" دوای تێپەڕینی ١٠ خولەك كاتی كۆتایی چاوپێكەوتنیان راگەیاندبوو و بە پێی یاسا كاتی \"ملاقات\" ٤٠ خولەكە.

\"22715.jpg\"
راگەیاندنی كاتی كۆتایی هاتنی چاوپێكەوتن لەگەڵ پەرچەكرداری زیندانیان بەرەوڕوو ببوویەوە.

بنەماڵەی ئەو زیندانیانە كە دوای ماوەیەكی زۆر توانیبوویان سەردانی رۆڵەكانیان لەزیندان بكەن، لەلایەن مەئموورانی نێو گرتووخانەی رەجایی شارەوە بێ‌رێزییان پێكراوە و رێگری لە \"ملاقات\"‌ـەكەیان كرا.

كەمپەینی پشتیوانی لەزیندانیانی سوننە مەزهەب بڵاوی كردۆتەوە، دوابەدوای تێكهەڵچوونی مەئموورەكان لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیان، گاردی دژە شۆڕش رژاونەتە شوێنەكە و دەستیان بە لێدانی زیندانیان و بنەماڵەكانیان كردووە.

لەئەنجامی ئەو لێدان و كوتانەدا دوو زیندانی بەناوەكانی جەمشید و جەهانگیر بە توندی بریندار بوون.

دەوترێت بڕیاری لێدان و بێ‌رێزی كردن بە زیندانیان لە لایەن \"بەحرینی\" بەرپرسی حیفازەت ئیتلاعاتی گرتووخانەی رەجایی شارەوە دەركراوە.

\"22716.jpg\"
سەرەڕای لێدان و بریندار كردنی زیندانیانی سوننە مەزهەب، هێزەكانی ناو زیندان لەكاتی پشكنینی زیندانییەكاندا وشەی \"سوننی گڵاو\" و \" ئێوە دەبێ‌لەسێدارە بدرێن\"‌یان بەكار هێناوە.

ئەو تێكهەڵچوون و بێ‌رێزی پێكردنانە وای كردووە كە زیندانییە عەقیدەتییەكانی ساڵۆنی ١٠‌ی رەجایی شار مانگرتن لە خواردن رابگەیەنن.

ناوەندی داكۆكیی لەمافی مرۆڤ لەراپۆرتی مانگی جۆزەردانی خۆیدا كە لەلایەن شیرین عیبادییەوە نووسراوە باسی لەكێشەی مەزهەبی كردووە و داوای لە بەرپرسانی حكوومەتی ئێران كردووە خۆیان لەو هەوڵ و كردەوانە بەدوور بگرن كە پەرە بە كێشەكانی نێوان شیعە و سوننی دەدات.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەحاڵی حازردا ٣٣ زیندانی سوننی مەزهەب و بەلووچ حوكمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.