مانگرتنی دوکاندارانی پیرانشار و بانە پێی نایە دووهەمین ڕۆژی خۆی

15:21 - 6 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: مانگرتنی گشتیی بازاڕیان و دوکانداران لە شارەکانی بانە و پیرانشار لە هەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان درێژەی هەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی ڕەشەمە، مانگرتنی گشتیی دوکانداران و بازاڕیان لە شارەکانی بانە و پیرانشار لە هەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان درێژەی هەیە و پێی نایە دووهەمین ڕۆژی خۆی.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە ڕاگەیاند، لە دووهەمین ڕۆژی مانگرتنی گشتیی دوکانداران لەو شارە، حکوومەت هێزە ئەمنییەتییەکانی خۆی لە ئاستی ئەو شارەدا بڵاو کردووەتەوە و کەشە و هەوای ئەمنییەتی بە سەر شاری بانەدا زاڵە.

هەروەها هەواڵنێری کوردپا باسی لەوە کردووە که هێزە ئەمنییەتییەکان، هاوکات لەگەڵ دووهەمین ڕۆژی مانگرتنی گشتیی شاری پیرانشاردا لە نێو شاردا جێگیر کراون.

ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمە، بازاڕیان و دوکاندارانی پیرانشار و بانە بە هۆی داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان مانیان گرتووه و داوای کراوەنەوەی بازاڕچە سنوورییەکانیان لە بەرپرسانی حکوومەتی دەکەن.

لەو مانگرتنەدا، دوکاندارن و بازاڕیان داوای کردنەوەی بازاڕچە سنوورییەکانیان کردووە و لە ئەگەری نەکرانەوەی بازارچە سنوورییەکان، درێژە بە مانگرتنی خۆیان دەدەن.