مانگرتنی دوو چالاکی سیاسی ـ مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی بۆ پشتیوانی لە عەفرین

14:16 - 8 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کەس لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە مەبەستی پشتیوانی لە هاووڵاتییانی شاری عەفرین مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو چالاکی سیاسی_مەدەنیی خەڵکی شارەکانی کامیاران و سنە، بە ناوەکانی زانیار زمێران و عیسا فەیزی لە هەوڵێکی بێوێنەدا، بۆ پشتیوانی لە شاری عەفرین، لە ڕۆژانی ٥ و ٦ی خاکەلێوە، مانیان لە خواردن گرتووە.

زانیاری زەمێران لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ئامانجی خۆیان لەم مانگرتنە بەم چەشنە ڕاگەیاندووە: ئێمە چەند چالاکییەکمان وەکوو: کەمپەینی پاڵپشتی لە عەفرین، نووسینی نامە بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرکۆماری ئێران و سەرۆکی پارلەمان و نۆێنەرانی ئێران لە مەجلیس بەڕێوەبرد، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وڵامێکمان لەو پەیوەندییەدا لە لایەن ناوەندە ئاماژە پێکراوەکان پێ نەدراوەتەوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە هەروەها دەڵێت: ئێمە چەند مەرجێکیشمان داناوە، کە هەوڵ دەدەن بەشێک لەو مەرجانە جێبەجێ بێت وەکوو:

١_گوشاری شۆرای ئەمنییەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەرکردنی ئەرتەشی داگیرکەری تورکیە.

٢_دروست کردنی ناوچەی دژەفڕین لەسەر ئاسمانی عەفرین.

٣_بەشداری هێزەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ پێشگرتن لە درێژدان بە جەنایەتی دژی خەڵکی عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە.

٤_یارمەتی گەیاندن لە بواری خوراک، دەوا و دەرمان و ئاو، یارمەتی بێهداشتی و دەرمانی بۆ ئاوارەکانی عەفرین، لە ڕێگای ناوەندە نێونەتەوەییەکانی وەکوو مانگی سوور.

٥_دروست کردنی ڕێگایەکی ئەمن بۆ گواستنەوەی خەڵکی عەفرین
ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، هەروەها لە درێژەدا دەڵێت: ئێمە لەو مانگرتنە جارێکی دیکە هەوڵ دەدەین، دەنگی خەڵکی عەفرین بین و یەکبوونی خۆمان لەگەڵ خەڵکی عەفرین نیشان بدەین و بۆ شەرمەزار کردنی ئەو دەستدرێژییە بۆ سەر خەڵک و شاری عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە.