مانگرتنی بێوادەی زیندانیانی كوردی توركیە گەیشتە ٤٩ رۆژ

14:06 - 8 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: ٧١٥ زیندانیی كورد لە ٥٨ زیندانی توركیە لە ناەڕەزایەتی بۆ هەوڵ نەدان بۆ چارەسەر نەكردنی پرسی كورد لەو وڵاتە نزیك بە ٥٠ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵ و زانیارییەكان رەوش و باری تەندروستیی هێندێ‌ لە مانگرتوان رووی لە خراپ بوون كردووە، هێندێك لە نوێنەر و ئەندام و رێكخستنەكانی پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی \"BDP\" بۆ پشتیوانی لە مانگرتوان دەستیان داوەتە مانگرتن و داوایان لە رای گشتی كردووە كە رۆژی سێشەممە رێكەوتی ٩ی رەزبەر (٢٩ی ئۆكتۆبر) لەبەردەم سەرجەم بارەگاكانی پارتی \"داد و گەشەپێدان\" تاجەگوڵینەی رەش دادەنێن.

\"9569.jpg\"
بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیە، لەناو زیندانی ئامەد ١١ ژنە زیندانی باری تەندروستییان تێكچوو و هەروەها راپۆرتەكان دەربڕی ئەوەن دوێنێ‌ یەكشەممە لە شاری ئەستەمبۆڵ و هەروەها شاری ئامەد لە كوردستانی توركیە، كۆمەڵێك چالاكی و خۆپیشاندانی ئیعترازی لەم پێوەندییەدا بەڕێوە چووە كەلە نێوان خۆپیشاندەران و هێزی پۆلیسی توركیەدا تێكهەڵچوون هاتۆتە ئاراوە.

ئەو مانگرتووە كوردانە لە ناڕەزایەتی بە دۆخی ئەمنیەتی، ئازادنەكردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان \"سەرۆكی پارتی کرێکارانی كوردستان\" و ئیزن دان بۆ بەرگری كردنی زیندانیان بە زمانی كوردی دەستیان داوەتە ئەو حەرەكەتە ئیعترازییە.
لە ماوەی نزیك بە ٥٠ رۆژی رابردوودا، میدیاكانی توركیە بێدەنگییان لە پرسی مانگرتوان كردووە و ئێستا خەریكن باسی لێوە دەكەن.

\"9570.jpg\"
دەوڵەتی توركیە ئەو زیندانییانە بە لایەنگر و ئەندامی پەكەكە و چالاكی سیاسی لە قەڵەم دەدات، هەر بۆیە وەڵامی ویست و داخوازییەكانیان ناداتەوە.

پاش نزیك بە ٥٠ رۆژ بێدەنگیی میدیاكانی توركیە لە هەمبەر ئەم مەسەلەیە، لە رۆژانی رابردوودا وەزیری دادی توركیە سەردانی زیندانی مانگرتوو لەناو \"سینجان\"ی ئانكارا كرد و لەگەڵ مانگرتووان کۆ بۆوە.

زیندانیانی مانگرتوو و خۆپیشاندەران رایانگەیاندووە، هەتا دابین نەبوونی ویستەكانیان دەست لە مانگرتن هەڵناگرن.