مانگرتنی بازاڕیانی سەقز و پشتگوێ خرانی داواکارییەکانیان

20:46 - 8 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بازاڕیانی شاری سەقز بۆ چەندمین جار نارەزایەتییان لەهەمبەر داخرانی سنوورەکان دەربڕی و مانیان گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە ٨ی بانەمەڕ، بازاڕیانی شاری سەقز بە نیسبەت داخرانی سنوورەکان و نالەباربوونی بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان دووبارە مانیان گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوکانداران و بازاڕییانی شاری سەقز سەرەڕای گوشاری ئەماکن و هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان دایە مانگرتن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هەنووکە بازاڕ و دوکانەکانی ئەو شارە بە تەواوەتی داخراون و بازاڕیانی مانگرتوو داوای کرانەوەی سنوورەکان دەکەن.
لەو پەیوەندییەدا، مانگرتنی بازاڕیانی شاری بانە پێی نایە چواردەهەمین ڕۆژی خۆی و بازاڕیانی پێداگری لە سەر مانگرتنی گشتی دەکەن هەتا جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان.

مانگرتنی بازاڕیانی کوردستان بە هۆی کەمتەرخەمی و پشتگوێ خستنی بەرپرسانی حکوومەتی درێژەی هەیە و گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتنی بازاڕیان بێ‌ئاکام بووە.

لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بازاڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرۆکەکان دەستیان دایە مانگرتن و ئەم مانگرتنانە فراوانتر بووه و شارەکانی مەریوان، سەقز و پیرانشاریشی گرتەوە.