مامۆستا و شۆرای گوندی بێورانی خوارێ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت کران

19:48 - 7 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: شۆرا و مامۆستای گوندی \"بێورانی خوار\"ـێ سەر بە شاری سەردەشت لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کران.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەردەشت سێ هاووڵاتی خەڵکی گوندی\"بێورانی خوار\"ـێ بانگهێشتی ئیداری ئیتلاعات کردوون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: شۆرای گوندی بێورانی خوارێ بە ناوی\"خالید حەسەن زادە\"، مامۆستای ئایینی ئەو گوندە بە ناوی \"عەبدولسەلام مەحموودیان\" و \"حاجی ئیسماعیل\" کەسایەتی خۆشناوی ئەو گوندەیان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هۆکاری بانگهێشت کردنی ئەو ٣ کەسەی بەم چەشنە بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، خەڵکی گوندی بێورانی خوارێ بە پارەی خۆیان مزگەوتێکیان ساز کردووە و ناویان لێناوە مزگەوتی\"ئاشتی\".

هێزە ئیتلاعاتییەکانی تابڵۆی ئەو مزگەوتەیان فڕی داوە و بە خەڵکی ئەو گوندەیان ڕاگەیاندووە دەبێت ناوی \"محەممەد ڕەسووڵەڵا\" لە سەر ئەو مزگەوتە دابنێن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، خەڵکی گوندی بێورانی خوارێ ئەم کردەوەیه هێزە ئیتلاعاتییەکانیان بە بێڕیزی بە خەڵکی گوندەکە زانیووە و پێداگریان لە سەر ئەوە کردەوە کە دەبێت ناوەی مزگەوتەکە ئاشتی بێت و تابڵۆی حکوومەتییان لابردووە.

ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش بینی ئەو ڕووداوە، شۆرا و مامۆستا و حاجی ئەو گوندە بانگهشت ئەو ناوەندە حکوومەتییە کردووە و ئێستا ئەو مزگەوته هیچ ناوێکی لێ نەنراوە و ئیدارەی ئیتلاعات ئیزنی دانانی ناوەی ئاشتی بۆ مەزگەوتی گوندی بێورانی خوارێ نەداوە.

دەوترێ، مزگەوتی گوندی بێورانی خوارێ بە هۆی کۆن‌بوون و ڕووخاوی، دانیشتوانی ئەو گوندە بە پارەی خۆیان مزگەوتێکی نوێیان ساز کردوە و تەنانەت حکوومەتی هیچ یارمەتییەکی ماڵی بۆ دروست کردنی ئەو مزگەوتە بە خەڵکی ئەو گوندە نەداوە.