مامۆستا "محەممەدمیرزا ڕەحمانی" و "بورهان کەمانگەر" بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزران

09:52 - 7 بەفرانبار 2721

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی مامۆستا "محەممەدمیرزا ڕەحمانی" و "بورهان کەمانگەر"، خەڵکی کامێران، پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا لە مافی "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان" بێبەری بوونە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بەفرانبار، مامۆستا "محەممەدمیرزا ڕەحمانی"، کوڕی دەروێش "ئەمین" و خەڵکی گوندی "لۆن سادات" سەر بە کامێران، پاش قسەکردن لە پرسە و سەرەخۆشیی "حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی کورد کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز لە زیندانی سنە لە سێدارە درا، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها "بورهان کەمانگەر"، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بەفرانبار بەهۆی بەشداریکردنی لە پرسە و سەرەخۆشیی "حەیدەر قوربانی"، لە یەکێک لە شەقامەکانی کامێران، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.