مامۆستا سەلام گوڵنەواز دوای چەند كاتژمێر دەستبەسەری، ئازاد كرا

14:49 - 7 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: سەلام گوڵنەواز مامۆستای ئایینیی كورد، دوای بانگهێشت كرانی لەلایەن دادگای روحانییەتی شاری تەورێزەوەو دەستبەسەركردنی، ئازاد كرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٥‌ی پووشپەڕ مامۆستا سەلام گوڵنەواز پێشنوێژی مزگەوتی شێوە برایمەی سەردەشت، کە لەلایەن دادگای تایبەتی روحانییەتی شاری تەورێزەوە بە بیانووی گۆڕانی حوکمی زیندانییەکەی بۆ سزای نەخدی بانگهێشت كرابوو، پاش خۆناساندن بە دادگا، دەستبەسەر و بۆ زیندان گوازرابوویەوە.

\"20807.jpg\"
سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرای كرد، مامۆستا سەلام گوڵنەواز لەلایەن ئەو دادگایەوە پێی راگەیەندرابوو، كە حوكمی شەش ساڵ زیندانییەكی بۆ سزای نەختی گۆڕدراوە و پێویستە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو حوکمە سەردانی دادگا بكات.

ئەو مامۆستایە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەردانی دادگای کردبوو، کە بە پێچەوانەی ئاگادارکردنەوەکە، دادگا ئەو هاووڵاتییەی بۆ كێشانی یەک ساڵ زیندانی تەعزیری رەوانەی زیندان كردبوو.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هۆكاری ئازادكردنی مامۆستا سەلام گوڵنەواز لەلایەن دادگاوە نەزانراوە. مامۆستا گوڵنەواز رۆژی هەینی رێكەوتی ٦‌ی پووشپەڕ لەمزگەوتی شێوەبرایمەی سەردەشت وتاری پێشكەش كردبوو.
\"20812.jpg\"