مامۆستای گوندی سەهۆڵانی مەهاباد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرا

13:53 - 3 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەهاباد، مامۆستا و پێشنوێژی گوندی \"سەهۆڵان\"ی ئەو شارەیان بانگهێشت و لێپرسێنەوەیان لەگەڵ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢ی بەرفرانبار، مامۆستا و پێشنوێژی مزگەوتی گوندی سەهۆڵانی شاری مەهاباد، بە ناوی \"موراد ئەکرام\" لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان مامۆستا مورادیان بە بیانووی پەیوەندیی لەگەڵ گرووپە \"توندئاژۆوەکان\" بانگهێشت و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: شۆرا و ڕیشسپییەکانی گوندی سەهۆڵان بە واژۆکردنی \"استشهاد محل\" و شایەتی دان، لە هەوڵی ئەوەدا بوون بەڵگەی بێتاوانیی ئەو مامۆستایە بسەلمێنن.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری یەکێک لە نزیکانی مامۆستاوە ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعات دەیەویست مامۆستا لەو ناوەندە حکوومەتییە ڕابگرێت، بەڵام بە هەوڵی شۆرا و ڕیشسپییەکانی گوندی سەهۆڵان، هەوڵەکانیان بێئاکام بوو.