مامۆستایەكی ئایینیی كورد بە زیندان و دوورخرانەوە مەحكووم كرا

14:23 - 3 بەفرانبار 2716
ئاژانسی كوردپا: دادگای تایبەت بە مامۆستا ئایینییەكان لە شاری تەورێز، بۆ یەكێك لە مامۆستایانی سوننی مەزهەبی خەڵكی ورمێ حوكمی زیندان و دوورخرانەوەی دەركرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵی كوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندان لە شاری تەورێز مامۆستایەكی ئایینیی كورد، پاش ئەوەی كە بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ئەو شارە بانگهێشت كرا، دەستبەسەر كرا و بۆ زیندانی ناوەندی گوازرایەوە.

مەلا ڕەزا عەبدی لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و ٢ سال دوورخرانەوە لە شاری ورمێ مەحكووم كراوە.

یەكێك لە كەسوكاری مامۆستا ڕەزا عەبدی لە وتووێژیكدا لەگەڵ ئاژانسی كوردپا ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە ناوبراو لە دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەت ئامادە بووە و دەستبەجێ ڕەوانەی زیندان كراوە.

دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەت لە ژێرچاوەدێڕیی ڕاستەخۆی عەلی خامنەیی ڕێبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندایە و بەرپرسی سزادانی قەزایی ئەو مامۆستایانەیە كە ڕەخنەگر یان دژبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانن.

پێشتر ئەو مامۆستا كوردە بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستە ئایینییەكانی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری ورمێ و هەروەها پێشنوێژی مزگەوتی قودسی شارۆچكەی ئیسلام ئاوای ئەو شارە بووە.

بەپێی هەواڵی سەرچاوەیەكی ئاگادار، نوێنەری وەلی فەقیه لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لەو مامۆستا ئایینییە ناڕازین.

پێشتر ئاژانسی كوردپا ناوی لانیكەم ٩ زانایی ئایینی كوردی بڵاو كردبووەوە كە لە سەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە سەر كارەكەی خۆیان وەكوو مامۆستای ئایینی وەدەرنرابوون.