مامۆستایەکی کورد ڕەوانە زیندانی مەهاباد کرا

14:20 - 3 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەوڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری سەردەشت، بە ناوی \"بەختیار عارفی\"، کە بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە جەماعەتی دەعوت و ئیسڵاح\"، بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، ڕەوانەی زیندانی شاری مەهاباد کرا.

ئەو مامۆستا کوردە، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە سێ ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوو، دواتر لە دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ، حوکمەکەی بۆ ١٨ مانگ کەم کرایەوە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٣، پاش ١ مانگ زیندانبوون، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییکردنەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ماڵپەڕی فەرمیی \"جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاح\"، لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: بەختیار عارفی کە باوکی دوو منداڵی ٦ و ١٢ ساڵەیە، ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد کراوە.