مامۆستایەکی کورد وەک توێژەری هەڵبژاردەی وڵاتی ئێران دەستنیشان کرا

19:24 - 26 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کورد لە قۆناغی کۆتایی \" هەڵبژاردنی مامۆستا توێژەرەکان\" وەک یەکێک لە مامۆستا توێژەرە هەڵبژێردراوەکانی وڵاتی ئێران دەستنیشان کرا.

هەواڵدەریی مێهر بڵاوی کردەوە \"فاتمە حاجیان\" دەبیری قوتابخانەکانی شاری قوروە لە ١٥یەمین بەرنامەی مامۆستا توێژەرەکانی ساڵی ٩٠-٩١ وەک توێژەری هەڵبژاردەی وڵاتی ئێران دەستنیشان کرا.

لە ماوەی خوێندنی ساڵی ٩٠بۆ ٩١ ، ٦٣٩ کەس لە مامۆستایانی پارێزگای کوردستان لە بەرنامەی مامۆستا توێژەرەکان بەشدارییان کرد کەلە کۆی ئەو رێژەیە ١٨٥ کەس لە ئاستی پارێزگای کوردستاندا هەڵبژێردران و ٢٠ کەسیش لەو رێژەیە لە قۆناغی کۆتایی لە ئاستی ئێراندا بەشدار بوون.

لە قۆناغی کۆتایی و ئاستی ئێراندا، فاتمە حاجیان مامۆستای خەڵکی قوروە لە رشتەی \"راوێژکاری\"دا وەک توێژەری هەڵبژاردە دەستنیشان کرا.

لە کۆتاییدا و لە رێوڕەسمێک کە بە بۆنەی حەفتەی توێژینەوە و بە ئامادە بوونی بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کوردستان بەڕیوە دەچێت، رێز لە مامۆستا توێژەرە هەڵبژێردراوەکان دەگیرێت.