مامۆستایەکی کوردی خوێندنگاکانی مەهاباد لەسەر کار دەرکرا

12:06 - 20 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: شاهۆ حوسێنی، رۆژنامەنووس و مامۆستای خوێندنگاکانی مەهاباد لەسەر کار دەرکرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شاهۆ حوسێنی، رۆژنامە نووس و مامۆستای یەکێک لە خوێندنگاکانی شاری مەهاباد پاش ٩ ساڵ وانە وتنەوە، بە بڕیاری لێژنەی وەرگرتنی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن لەسەر کار دەرکرا.

ئەو مامۆستا کوردە رێکەوتی ٢٤ی جۆزەردان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر و پاش ١١ رۆژ ئەشکەنجە، ٧ی پووشپەڕ بە دانانی بارمتەی ٨٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

حوکمی دەرکرانی ئەو مامۆستا کوردە لە لەکاتێكدا دەرکراوە کە دوای ئازاد کرانی بە شێوەی کاتی بەهۆی زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییاکان بە ناچاری ولاتی بەجێهێست و لە نەبوونی خۆیدا ئەو حوکمە دراوە.

هاوكات لەگەڵ شاهۆ حوسێنی، دیاكۆ خەیات، یەعقووب، خزری، جەماڵ قادرنژاد و ئاكۆ سەلیمی کە هەر چواریان چالاكی خوێندكاری بوون كە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر كراون و بە وتەی شاهۆ حوسێنی هەتا ئێستا هەر لە گرتنگە و زیندان دان.

ـ شاهۆ حوسێنی خوێندكاری ساڵی ئاخری كارناسیی باڵای رشتەی زانستە سیاسییەكانی زانستگای \"ئیمام خومەینی\" قەزوین بووە.
ـ لە ساڵی ١٣٧٩ ەوە هەتا ساڵی ١٣٨٣ بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد بووە.
ـ ماوەی ٩ ساڵە مامۆستای قوتابخانە دواناوەندییەكانی شاری مەهابادە.
ـ لە بواری فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیه‌وه‌كەسێكی چالاكە.