مامۆستایەکی کرماشانی بۆ شاری بروجێرد دوورخرایەوە

20:53 - 19 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مامۆستایانی کوردی شاری کرماشان بە بیانووی \" هاندانی هاوکاران و قوتابیانی بۆ کۆبونەوە\" بۆ دەرەوەی ئەو ئوستانە دوور خرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لقی ١ی دادگای پێداچونەوەی لێژنەی بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە سەرپێچییەکانی ئیدارەی پەروەردەی کرماشان، حەفتەی رابردوو حوکمی دوورخستنەوەی محەممەد تەوەکولی ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی کانونی سینفیی مامۆستایانی ئەو ئوسانەی پشتڕاست کردەوە.
ئەو مامۆستا کوردە بۆ شاری بروجێرد لە ئوستانی لوڕستان دوورخراوەتەوە.

محەممەد تەوەکولی کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی پاش خۆناساندن بە ئیدارەی سپای کرماشان دەستبەسەر کراو دواتر بە دانانی بارمتەیەکی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

محەممەد تەوەکولی لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ و لە دادگای سەرەتاییدا حوکمی دوورخرانەوەی بەسەردا سەپێندرابوو، کە رۆژی سێ‌شەممە ١٥ی رێبەندان، لە لایەن قازی حەسەن تەهرانییەوە و لە دادگای پێداچوونەوەی لێژنەی بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە سەرپێچییەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان پشتڕاست کرایەوە.

ناوبراو لەئێستادا تووشی چەندین نەخۆشی بووە و بەردەوام لە ژیر چاوەدێری پزیشكیدایە.

ماڵپەڕی \"حقوق معلم (مافی مامۆستایان)\" لەو پەیوەندییەدا بلاوی کردۆتەوە؛ ئەگەر ئەو بڕیارە لەلایەن لێژنەی باڵای چاەوەدێرییەوە هەڵوەشێتەوە دەستبەجێ ناوبراو دەگەڕێننەوە بۆ ئوستانی کرماشان.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، محەممەد تەوەکولی بە \"هاندانی هاوکاران و قوتابیان بە هاوکاری نەکردن لە گەڵ بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی کرماشان و داخستنی قوتابخانەکان لە رێگەی کورتە نامەوە \" تاوانبار کردووە.

توکولی پێشتریش بە هۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی پەیوەندیدار بە \"کەمیی یارمەتیی فەرهەنگییان\" و لابردنی ٢٠%ی تێچووی خراپی کەش و هەوا لە پەروەردە و بارهێناندا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی لێکرابوو.

حکوومەتی ئێران یەکێک لەو حکوومەتانەیە کە پەیماننامەی ئارمانە نێونەتەوەییەکانی مافە مەدەنیی و سیاسییەکانی واژۆ کردووە، کە بە پێی ماددەکانی ٢١ و ٢٢ ی ئەو پەیماننامەیە هەر تاکێک مافی کۆبوونەوەی ئازادانەی لەگەڵ کەسانی دیکە هەیە و مافی پێکهێنانی سەندیکا ئەندامەتی لەو سەندیکایانەی بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیانی بە فەرمی ناسیوە.