مامۆستایەکی چالاکی سێنفی لە سەقز دەستبەسەر کرا

14:18 - 27 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی شاری سەقز بۆ چەند کاتژمێرێک چالاکێکی سێنفیی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سەقز، بە ناوی \"سەلاح حوسێنی\"، ڕۆژی پێنج‏شەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی کەڵانتەریی ساڵح‏ئاوای شاری سەقز، دەستبەسەر کرا.
\"29353.jpg\"
دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە ماوەی چوارکاتژمێری خایاندووە.

لە دوای گرتنی سەلاح حوسێنی، هێزە ئینتزامییەکان چوونەتە ماڵی ناوبراو و کەلوپەلی شەخسیی و کامپیۆتێرەکەی ئەو چالاکە سێنفییەیان پشکنیوە.

شوێنی دەستبەسەرکردنی سەلاح حوسێنی لە شەقامی ٣٢میتریی سەقز بووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز ڕایگەیاند: \"هێزە ئینتزامییەکان بەو چالاکە فەرهەنگییەیان گوتووە کە بە تاوانی ئاژاوەنانەوە دەستبەسەر کراوە\".

لە دوای لێکۆڵینەوەکان لەو کڵانتەرییە، بەڵێننامەیان بە زۆرەملی لەو مامۆستایە ئەستاندووە کە جارێکی دیکە لەو کردەوانە خۆ ببوێرێ.

بە وتەی شاهیدانی ڕووداوەکە، کە لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا باسیان کردووە، لە چوارڕێیانی ٣٢میتری، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە نیسبەت هەڵسوکەوتی پۆلیسی هاتوچۆ سەبارەت بە دانی بەرگەی سزای شۆفیڕی، ناڕەزایەتی دەربڕیووە، کە لە گەڵ دژکردەوەی پۆلیسی هاتوچۆ و مەئموورانی ئینتزامیی بەرەوڕوو بۆتەوە و ناوبراویان دەستبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردووە.

بەشێک لە هاووڵاتیانی شاری سەقز، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی‏ لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایانگەیاند، دەستبەسەر کردن و لێکۆڵینەوەی ئەو چالاکە فەرهەنگییە، جۆرێکە لە تۆڵەکردنەوەی ناوەندە حکوومەتییەکان لە ناوبراو.

ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردووی مامۆستایان لە شاری سەقز، بە سەرپەرشتی و ڕێکخستنی ناوبراو بڕێوە چبوو.