مامۆستایەکی قوتابخانە و چالاکێکی مەزهەبی لە وڵاتی تورکیە تێرۆر کرا

15:23 - 26 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی فەرهەنگی و یەکێک لە چالاکانی سوننە مەزهەب خەڵکی شاری ورمێ، لە وڵاتی تورکیە تیرۆر کرا.

\"تۆڕی جیهانی کلمە\"، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: \"فەرشید عەلەوی ئابگەرم\"، یەکێک لە چالاکانی مەزهەبی و فەرهەنگی شاری ورمێ، ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەر لە شاری وانی تورکیە ڕفێندراوە و دواتر لە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕ لە شاری \"باش قەڵا\" تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

بە پێی ئەو هەواڵە، ناوبراو ڕەگەزنامەی وڵاتی تورکیەی وەرگرتووە و ڕفێنەرانی ئەو چالاکە مەزهەبییە ناوبراویان بۆ ١٠٠ کیلۆمێتری سنووری نزیک ئێران بردووە و دواتر ناوبراویان خنکاندووە.

هەروەها پۆلیسی وڵاتی تورکیە لە ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانە هەوڵیان داوە فەرشید ڕادەستی ئێران بکەنەوە، بەڵام لە هەوڵەکەیان سەرکەوتوو نەبوون.

ئەو چالاکە سوننی مەزهەبە، دوو ساڵ پێش لە ترسی دەسبەسەر و ئێعدام کردنی، پاش دەسبەسەر و ئێعدام کردنی چەند چالاکێکی مەزهەبی، زێدی خۆی بە جێهێشتبوو و ڕووی لە وڵاتی تورکیە کردبوو.

فەرشید عەلەوی ئابگەرم، تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"آبگرم\" و دانیشتووی شاری ورمێ بووە؛ هەروەها ناوبراو یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئەو شارە بووە.