مامۆستایەکی قوتابخانە لە شاری سەرپێڵی‌‌زەهاو خۆکوژی کرد

13:19 - 20 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی قوتابخانەکانی شاری سەرپێڵی‌زەهاو، سەر بە پارێزگای کرماشان، بە هۆی گوشاری دەروونییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەشەممە، مامۆستای قوتابخانەی بوومەلەرزەلێدراوی شاری سەرپێڵی‌زەهاو بە هۆی کێشەی دروونییەوە، بە شێوەی خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو مامۆستایە بە ناوی \"ڕەسووڵ قارەمانی\"، تەمەن ٣٧ ساڵ خێزاندار و مامۆستای قوتابخانەی \"فەجر\"، لە گوندی\"ڕێژاو\" سەر بە شاری سەرپێڵی‌زەهاو ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: ئەو مامۆستا کوردە لەگەڵ بنەماڵەکەی یەکێک لە بوومەلەرزەلێدراوەکانی ناوچەی تازاوای شاری سەرپێڵی‌زەهاو بوون و ئەو ماوەیە ناوبراو لە کانێکس بێبەری بووە و لە ژێر چادردا ژیانیان کردووە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، وەرزارەتی پەروەردە و بارهێنان، سەبارەت بە خۆکوژی ئەو مامۆستا کوردە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.

لە لایەکی دیکەوە و لەو پەیوندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەشەممە، یەکێک لە زۆرانبازەکانی شاری سەحنە، سەر بە پاڕێزگای کرماشان، دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو وەرزشوانە کوردە، بە ناوی \"ئەمین ڕەزایی\" ڕاگەیەندراوە و ناوبراو لە نامەیەکدا هۆکاری خۆکوژییەکەی بۆ بێزاربوون لە ژیان گەڕاندۆتەوە.