مامۆستایەکی سەقزی دەسبەسەر کرا

12:59 - 17 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کورد خەڵکی شاری سەقز، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە ١٥ی ڕەزبەر، کاتژمێر ١١، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، هێرشیان کردە سەر ماڵی مامۆستایەکی کورد بە ناوی \"محەممەدساڵح شەکەری\" و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی قەزایی دەستیان بە پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: محەممەدساڵح شەکەری، ماوەی ٢٤ ساڵە لە قوتابخانەکانی شاری سەقز، خەریکی وانەوتنەیە و پاش دەسبەسەرکرانی ناوبراو بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی ئەو مامۆستا کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لە ساڵی ٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.