مامۆستایەکی زانکۆی پەیام نووری مەریوان وانە وتنەوەی لێ یاساغ کرا

14:39 - 26 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆی پەیام نووری شاری مەریوان لە لایەن حەراستی زانکۆوە لە سەرکارەکەی دوور خرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی رەزبەری، حامید کۆنەپۆشی مامۆستای زانکۆی پەیام نووری شاری مەریوان، لەلایەن حەراستی ئەو زانکۆوە پێی ڕاگەیەنراوە کە چیتر ئیزنی وانە وتنەوەی نیە.

حامید کۆنەپۆشی لە فەیس بووکی شەخسی خۆیدا نوسیوویەتی: ئەمڕۆ بۆ دانیشتنی یەکەمی کلاسەکانی تێرمی پاییزەی پەیام نوور بۆ زانکۆ چووبووم. بەداخەوە لەوێ ڕێیان لێ گرتم و سەرەڕای ئامادە بوونی خوێندکارەکان، گوتیان لەگەڵ ئەوەی کە بە مامۆستایەکی خوێندەوار و بەدیسیپلنت دەزانین، بەڵام نابێت ئیتر وانە بڵێیتەوە.

\"\"ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت؛ دەستی کاسانێک بۆ سڕینەوەی من لە کۆمەڵگا بوونی هەیە و هەتاکوو ئێستا نەمتوانیووە لە هێچ شوێنێک بە شێوەی فەرمی دابمەزرێم.

ئەو مامۆستای زانکۆیە هەروەها نوسیوویەتی، زانکۆی پەیام نوور دوایین ئەڵقەی گرێ درانەوەی من بە کۆمەڵگەوە نییە و ڕەنگە بڕیاری لادانی من لە مامۆستایەتی حەقو‌لتەدریسیی زانکۆ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ژیانی شەخسیی من نەبێت، بەڵام ئەو بڕیارە هەڵگری ئاماژەیەکی مەترسیدارە و سەروەریی سەلیقە بەسەر یاسادا نیشان دەدات.

پێشتریش، لە پۆستێکی فیس بووکی دا حامید کۆنەپۆشی باسی لە هەک کردنی جی‌مەیل و یاهووکەی کردبوە و نووسیویەتی: لە ڕێکەتی ٢٢ڕەزبەردا، جی‌مەیل، ئیمەیل و یاهووەکەم هەک کراوە و هەر کەسێک دەیهەوێت ئیمەیلی من هەک بکات دەبێت بزانێ ماڵی من جێگای گۆڕینەوەیی کتێب و وتارە.

حامید کۆنەپۆشی لە دایک بووی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە شاری مەریوان و خوێندکاری دوکتورای کۆمەڵناسی و مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی وەرزنامەی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتی\"ڕۆنان\" و \"ڤەژین\"ە لە شاری مەریوان.

پێشتریش لە هەواڵێکی هاوشێوەدا، ئاژانسی کوردپا لە هەواڵێکدا باسی لە دوورخستنەوەی دوکتور شاباز موحسنی بەرپرسی زانکۆی ئازادی شاری سەقز و دانانی دوکتور کەیوان شافێعی بە جێگای ناوبراو کردبوو.