مامۆستایەکی دیواندەرەیی لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کرا

14:34 - 25 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کورد، خەڵکی شاری دیواندەرە لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، مامۆستایەکی کورد بە ناوی \"ئومید شامحەممەدی\"، خەڵکی شاری دیواندەرە لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا.

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران دەسبەسەرکردنی ئەم مامۆستا کوردەی پشتڕاست کردەوە و هەروەها باسی لە ناڕوونیی چارەنووسی ئەم مامۆستا کوردە لە کاتی دەسبەسەریدا کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم مامۆستا کوردە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، مامۆستایەکی کورد بە ناوی \"ئەسکەندەر لوتفی\" خەڵکی شاری مەریوان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کرا و لەو ناوەندە حکوومەتییە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ئەم مامۆستا کوردە پاش مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان بە هۆی \"هاندانی مامۆستایان بۆ بەشداری کە مانگرتنی سەرتاسەری\" بانگهێشتی ئیتلاعاتیی سپای پاسداران کراوە.