مامۆستایەکی بۆکانی میداڵی بڕۆنزی وڵاتی ئیتالیای بەدەست هێنا

15:32 - 3 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە کێبڕکێی جیهانیی دیزانین لە وڵاتی ئیتالیا، مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، پلەی سێهەمی ئەو کێبڕکێیەی بەدەست هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"سەلمان ئیبراهیمی\" بەرێوەبەری هونەریی قوتابخانەیەکی شاری بۆکان لە کێبڕکێی جیهانیی\"دیزاین\" ی وڵاتی ئیتالیا پلەی سێهەمی بۆ خۆی دەستەبەر کرد.

سەلمان ئیبراهیمی بە هزرێکی داهێنەرانە و ئایدیا و خیاڵی نوێ، لە گەڵالە کردنی کایەیەکی فیکری‌دا توانی میداڵی بڕۆنزی کێبڕکێی A دیزاینی وڵاتی ئیتالیا بۆ خۆی مسوگەر بکات.

ئەو مامۆستا کوردە، بە داهێنانێکی نوێ بە ژمارەیەک کەوان و بە یاری کردن بە ڕەنگەکان کە بتوانێ شوێن لە سەر بیر و هزری مرۆڤ دابنێت، نموونە دیزاینێکی پێشکەش کرد.

کێبڕکێی \"A دیزاین\" ساڵانە بەڕێوە دەچێت و هۆگرانی ئەو جۆرە دیزاینە دەتوانن لەسەرتاسەری وڵاتانی جیهانەوە تێیدا بەشداری بکەن.

وەرگرتنی مۆڵەت و سەرکەوتن لەو کێبڕکێیە نیشانەی، داهێنان، نوێگەرایی و چڵۆنایەتی ئایدیاکانی دیزاینەکە بووە و پەسند کردنی ئەو دیزاینە بۆ شیرکەتەکانی جیهانە کە لەو بواردەدا سەرمایەگوزاری دەکەن.