مامۆستایەکی ئایینی لە بۆکان، بەهۆی دەرزییەکی ئیتلاعاتەوە بێسەرو زمان کەوتووە

19:22 - 4 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، چالاکێکی سوننە مەزهەبیان بە توندی دایە بەرلێدان و چالاکێکی دیکەشیان بانگهێشت کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەلی حوسێن‌زادە، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی خانکەندی، سەربە ناوچەی چۆمی مەجیدخان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیک ئاوایی داشبەند، لە ماشینەکەی هێنراوەتە خوارەوەو لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی خانکەندی‌یە، کە رۆژی ٢٩ی مانگی بەفرانبار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دەرەوەی شاری بۆکان، بەرەوڕووی لێدان و سووکایەتی پێکدرن ببوویەوە.

\"24335.jpg\"
عەلی حوسێن‌زادە، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی خانکەندی
مەکتەب قورئان لەو بارەیەوە رایەگایندووە؛ ٥ مەئمووری چەکداری وەزارەتی ئیتلاعات بە شێوەیەکی هۆڤانە عەلی حوسێن زادەیان داوەتە بەر لێدان و هەتا رۆژی هەینی توانای ئاخاوتنی نەبووە.

دەگوترێ، کە هێزە ئیتلاعاتییەکان دەرزییەکیان لەو مامۆستا ئایینی‌یە داوەو لە ئەنجامدا بێهۆشیان خستووەو لە نێو قوڕ و چڵپاودا لەو شوێنە بەجێیان هێشتووە.

پێشتریش لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی مەکتەب قورئان بەناوی حوسێن ئیبراهیمی لە نزیک گوندی \"ئاختەتەر\"ی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە لیباس شەخییەکانی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کرا.

\"24339.jpg\"
حوسێن ئیبراهیمی و حوسێن حەسەن‌خانی دوو چالاکی مەزهەبیی کورد
هەروەها ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سنە و مەهاباد، لە ماوەی حەفتەی رابردوودا دوو چالاکی مەزهەبیی کوردیان بانگهێشت کرد و لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە لێپرسینەوەیان لێکرا.

حوسێن حەسەن‌خانی، ماوەی ٣ کاتژمێر لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی مەهاباد لە دەستبەسەریدا بووەو مەجید عەبدوڵڵاپووریش لە گرتووخانەی ئیلاعاتی سنەدا لێپرسینەوەی لێکراوە.

وەزارەتی ئیتلاعات سەعدی قوڕەیشی، یەکێک لە رێبەرانی مەکتەب قورئانی بە لادان لە رێبازی ئەحمەد موفتی‌زادە تۆمەتبار کردووەو ئەم ئیدیعایەش لەلایەن پەیڕەوانی مەکتەب قورئانەوە رەت کراوەتەوە.