مامۆستایەکی ئایینیی کورد بانگهێشتی دادگای تەورێز کرایەوە

15:51 - 19 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی ئاینیی خەڵکی شاری سەردەشت، بۆ جارێکی دیکە بانگهێشتی دادگای تایبەتیی رۆحانییەتی شاری تەورێز کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەلا \"سەلام گوڵنەواز\" پێش‌نوێژی مزگەوتی گەڕەکی \"شێوە برایم\"ی شاری سەردەشت، ئاگادار کراوەتەوە کە لە رێکەوتی ٢٦ خاکەلێوەی ئەم مانگەدا خۆی بە دادگای تایبەتیی رۆحانیەتی شاری تەوریز بناسێنیت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند، داگای رۆحانیەتی تەورێز بە ئەو مامۆستا کوردەیان ئاگادار کردۆتەوە کە مافی هەبوونی پارێزەری نییە و پێویستە بۆخۆی لە دادگادا بەرگری لە خۆی بکات.

\"11909.jpg\"
مەلا \"سەلام گوڵنەواز\" پێش‌نوێژی مزگەوتی گەڕەکی \"شێوە برایم\"ی شاری سەردەشت
دادگای شاری تەورێز تاوانی ناوبراوی ئەندامەتی لە \"مەکتەبی قورئان و پەیڕەوی لە ئەحمەدی موفتی‌زادە\"، راگەیاندووە.

سەلام گوڵنەواز پێشتریش لە مانگی بانەمەڕ و جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١دا بانگهێشتی دادگای تایبەتیی رۆحانیەتی شاری ورمێ و دوایین جاریش رێکەوتی ٧ی رەشەممەی هەمان ساڵ لەلایەن دادگای تایبەتیی رۆحانییەتی شاری تەورێز بانگهێشت و دادگایی کرابوو.