مامۆستایان لە چەند شاری کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

11:46 - 4 رەزبەر 2721

ڕۆژی شەممە ٣ی ڕەزبەر، مامۆستایان لە شارەکانی کرماشان، ئیلام، سنە، مەریوان و سەقز، لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بوون.

ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە پاش بانگەوازی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران بەڕێوە چوو، مامۆستایانی کوردستان خوازیاری جێبەجێکردنی گەڵاڵەی پلەبەندی، هەڵوشاندنەوەی تەواوی یاسا نادادپەروەرانەکان دژی چالاکانی سێنفی و ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانی بوون.

هەروەها ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە) لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقز، تەواوی داواکارییەکانی فەرهەنگییانیان کە بریتی بوون لە "جێبەجێکردنی تەواوی یاسای پلەبەندی، جێبەجێکردنی تەواوەتی یەکسانکردنی پارەی خانەنشینکراوەکان و پشتبەستن بە ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتی و ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانیکراوە" ڕاگەیاند.

ڕۆژی هەینی ٢ی ڕەزبەر، شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران ڕایانگەیاندبوو: "شورای هاوئاهەنگی فریوی بەڵێنە بێ پشتیوانەکان و دووپاتبوونەوەی ئەو بەڵێنانە لەلایەن بەرپرسانەوە ناخۆن و هەتا جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان بە پشتیوانی چین و توێژی فەرهەنگییان، هەتا وەدیهێنانی داواکارییەکانیان ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە درێژە پێ دەدەن".

پاش بانگەوازی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران، ڕۆژی شەممە ٣ی ڕەزبەر، مامۆستایان و فەرهەنگییانی دامەزراو و خانەنشینکراوەکانی زیاتر لە ٣٠ شاری ئێران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.