مامۆستایانی پیرانشار بۆ دووەمین جار لە بەرانبەر ناوەندی گەورەی ئیسلامی کۆ بوونەوە

17:59 - 23 پووشپەڕ 2722

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، مامۆستایانی شاری پیرانشار بۆ دووەمین جار لە بەرانبەر ناوەندی گەورەی ئیسلامی، لەمەڕ پشتیوانی لە مامۆستا مەلا "یوونس نەوخا" و ناڕەزایەتی دەربڕین لە دەسبەسەرکردنی ناوبراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، کۆ بوونەوە.

مامۆستایانی شاری پیرانشار لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا خوازیاری ئازادیی دەسبەجێی مامۆستا مەلا یوونس نەوخا بوون.

لەو کۆبوونەوەیەدا مامۆستایان داوایان لە بەرپرسی ناوەندی گەورەی ئیسلامی کرد کە بە شێوەی جیدی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی مامۆستا مەلا یوونس بکات.

هەتا ئێستا بەرپرسانی ناوەندی گەورەی ئیسلامیی پیرانشار، ئەو بەڵێنانەی بۆ ئازادکردنی مامۆستا یوونس نەوخا دابوون، هیچ کامەیانی جێبەجێ نەکردووە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ، ژمارەیەک  لە مامۆستایانی ئایینی بۆ پشتیوانی لە مامۆستا "یوونس نەوخا" لە بەر دەرگای ناوەندی گەورەی ئیسلامیی شاری پیرانشار لەگەڵ بەرپرسی ئەم ناوەندە کۆ ببوونەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕ، مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی "مەلا یوونس نەوخا" کوڕی خدر خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ کرا.

مامۆستا مەلا یوونس نەوخا، لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی دینیی سەلاحەدین ئەیووبیی شاری پیرانشارە.