مادەی سڕکەر گیانی دوو هاووڵاتیی کوردی ستاند

14:55 - 20 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: لەشارەکانی روانسەر و ورمێ دوو گەنجی کوردی تووشبوو بە مادەسڕکەرەکان، گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە لاوێکی خەڵکی شاری روانسەر بە هۆی بەکارهێنانی مادەی سەنعەتیی سڕکەر لەیەکێک لەشاخەکانی دەورووبەری ئەو شارە کۆتایی بەژیانی هاتووە.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو گەنجەی وەفا گوڵمحەمەدی تەمەن ١٨ ساڵ راگەیاندووە و باسی لەوەش کردووە، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی لێدانی دەرزییەوە لە کێوێکی پشت شارەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی مادەسڕکەرەکان زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار موعتاد لە ئێراندا بوونی هەیە و ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئامارە نافەرمییەکان باس لەبوونی چوار ملیۆن تووشبوو بە مادەسڕکەرەکان لەئێران دەکەن.

\"25883.jpg\"
وەفا گوڵمحەمەدی تەمەن ١٨ ساڵ بە هۆی بەکارهێنانی مادەی سەنعەتیی سڕکەر کۆتایی بەژیانی هاتووە
پزیشکی دادوەریی ئێران رایگەیاندبوو، بە شێوەی نێوەنجی رۆژانە زیاتر لە ١١ کەسی تووشبوو بە مادەسڕکەرەکان لەئێران گیان لەدەست دەدەن.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە شاری (ورمێ)وە رایگەیاندووە هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی ناوچەی تەرگەوەر کە لەبەکارهێنەرانی مادە سڕکەرەکان بووە گیانی لەدەست داوە.

نوورەدین حوسێن‌پوور خەڵکی ئاوایی \"مەوانا\"ی ورمێ بە مەبەستی وازهێنان لە بەکارهێنانی تریاک بردراوەتە کەمپەکانی تەرک و دەوترێت بەهۆی راوەستانی دڵییەوە گیانی لەدەست داوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە نوورەدین ماوەی چەندین ساڵە، تووشی ئیعتیاد هاتبوو، خێزانداریش بووە.

ماوەیەک لەمەوبەر سەرپەرەستی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی مادەسڕکەرەکان رایگەیاندبوو، لەسەدا ٦٣ی بەکارهێنەرانی مادەسڕکەرەکان خێزاندارن و لەسەدا ٥٦ی تەڵاق و جیابوونەوەکانیش لەنێو بنەماڵەکانی تووشبوو بەو مادەیەدا روو ئەدات.