لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکان لە ئاق دەڕە چەند ژنێک بریندار بوون

14:24 - 27 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکان بۆ سەر گوندی ئاق دەڕە لە شاری تیکاب سەر بە پارێزگای ورمێ، چەند ژنێک بریندار بوون و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانیش دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردە سەر خەڵکی گوندەکانی ئاق دەڕەی سەرو و خوار و ناوەڕاست، ئەمەش بریندار بوونی چەند ژن و دەستبەسەر کردنی چەند هاووڵاتییەکی بە دواوە بوو.

هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ئەو گوندە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە، خاوەنکارەکانی کانگای زێری ئاق دەڕە بۆ کارکردن لەم کانییە لە خەڵکی ناخۆجێی کەڵکیان وەرگرتووە و تەنیا چەند کەسێک لە خەڵکی ئەو گوندە لەو کانگایە دامەزراون، کە ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو خەڵکە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چەند کەسە کە لە کانگای زێڕی ئاق دەڕە دامەزران کرێکاری وەرزین و زۆربەی ئەو کەسانەی لێی دامەزراون کەسانی ناخۆجێین.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، چەند ڕۆژ پێش ئەو ڕووداوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران چەند کەسێکیان بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە کردبوو و پاش لێپرسینەوە، هەرەشەیان لێکرا بوو کە لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم کۆبوونەوانە، ڕووبەڕووی تاوانی دژی تەناهی نەتەوەیی دەبنەوە.

خەڵکی ئەو گوندە بە هۆی بێکاری و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر لە نێوچوونی لەوەڕەگەکان، و گرێبەستی کورت ماوە دەستیان کردووە بە نارەزایەتی دەربڕین و ئەمەش بووەتە هۆی هێرشی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی بۆ سەر ئەو گوندە.

لە ئاکامی هێڕشی هێزە ئینتزامییەکان بۆ سەر خەڵکی ئەو گوندە چەند ژنێک بریندار بوون و چەند کەسێکیش لەو پەیوەندیەیدا دەستبەسەر کراون.

کانیی زێڕی ئاق دەڕە لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوییەوە بۆ ماوەی ١٥ساڵ ئیزنی کارکردنی پێدراوە، هەروەها ماوەی ٣ ساڵیش ئەو کانییە زێڕە داخرا، هەتا لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی جارێکی تر دەست بەکار بووە.