لە ئیسلام‌ئابادی غەرب سووکایەتی بە پەیڕەوانی ئایینی یاری ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە

21:19 - 14 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: پێش نوێژی شاری ئیسلام‌ئابادی غەرب لە گوتاربێژیی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی خۆیدا، سووکایەتی و بێڕێزیی بە پەیڕەوانی ئایینی یاری کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ پێش‌نوێژی شاری ئیسلام‌ئابادی غەرب لە گوتاربێژیی نوێژی بەربانگدا کەلە بڵیندگۆکانی مزگەوتی جامیعەی ئەو شارەوە بڵاو دەکرایەوە، هاووڵاتییانی یارسانی بە \"ئەهلی ناهەق\" و \"گومڕا\" لە قەڵەم دا.

شایەتحاڵێک لە شاری ئیسلام‌ئابادی غەرب بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەم ئاخاوتنەی پێش‌نوێژی مزگەوتی جامیعەی ئیسلام‌ئاباد ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵکی لێکەوتەوەو هاوڵاتییانی موسڵمان و یارسانی لەبەر دەم مزگەوتی جامیعەی شارەکەدا کۆبوونەوە.

ئەو شایەتحاڵە گوتیشی؛ خەڵکێکی یەکجار زۆر چوونە ناو مزگەوتەکە و بە پێشنوێژی مزگەوتەکەیان راگەیاند؛ ئێمە خەڵکی کورد بە هەموو ئایین و مەزهەبێکەوە بە سەدان ساڵە بەبێ هیچ کێشەیەک بە یەکەوە ژیاوین، بۆیە ئیزن بە هیچ کەسێک نادەین لە نێو ئێمەدا دووبەرەکی و ئاژاوە دروست بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، پێش نوێژی مزگەوتی شاری ئیسلام‌ئاباد بەهۆی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک و هۆشداریی ژمارەیەک هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی یاری و ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی کورد داوای لێبوردنی کرد، بەڵام خەڵکەکە پێیان راگەیاند کە دەبێ لە نوێژی هەینیی رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوە بە فەرمی لە بڵیندگۆی مزگەوتەکەوە داوای لێبوردن بکات.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هاووڵاتییانی کوردی یارسانی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەرەورووی سووکایەتیو بێ‌حورمەتی کران بوونەتەوە ولە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا سێ هاووڵاتیی یارسانی بەهۆی سووکایەتیی ناوەندە حکوومتییەکانەوە لە ئێران ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا.