لە کەنگاڤەر ٢ لاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

15:03 - 25 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: بێکاری و بێدەرەتانی دارایی لە شارێکی ئۆستانی کرماشان بووە هۆکارێک بۆ خۆکوژیی دوو لاو.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو لاوی تەمەن کەمتر لە ٣٠ ساڵ بە هۆکاری بێکاری لە شاری کەنگاڤەر خۆیان کوشتووە.

یەکێک لەو لاوانە بە ناوی هادی بەهرامی بە فیشەکی دەمانچە خۆی کوشتووە و ئەوی دیکەیشیان بە ناوی حەمید ئەحمەدی بە خواردنی لەڕادەبەدەری داروو ( اوردوز (overdoseکۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەوڵنێری کوردپا لەو شارەوە ڕایگەیاند کە دیاردەی خۆکوژی بە تایبەتی لاوەکان لەم ساڵدا بە شێوەی سەرسووڕهێنەر زیادی کردووە و هەموو حەوتوویەک هەواڵی خۆکوژی لەنێو خەڵکدا بڵاودەکرێتەوە.

شاری کەنگاڤەر لە دووری ٩٠ کیلۆمیتری خۆرهەڵاتی کرماشان هەڵکەوتووە و ٨٤ هەزار کەسی تێدا دەژین. لەم شارەدا بە وتەی فەرمانداری کەنگاڤەر؛ بێکاری لە ڕێژەی ئۆستانی و سەراسەریش تێپەڕیوه‌ و بووەتە تەنگژەیەکی کۆمەڵایەتی.

ئاماری ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانییهێما بۆ ئەوە دەکات کە لە نێوان ١٠٠ هەزار ژن و پیاوی ئێرانی، ٣ ژن و پیاوێک دەست بۆ خۆکوژی دەبەن.

بە شێوەی نێوەنجی ڕۆژانە ١١ کەس لە ئێراندا بەهۆکاری خۆکوژی گیان لەدەست دەدەن.