لە کۆبوونەوەیەکدا زیاتر لە ١٠٠ کوڕ و کچ لە شاری سنە دەستبەسەر کران

15:19 - 16 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: نزیک بە ١٥٠ کوڕ و کچ لە شاری سنە لەلایەن پۆلیسی ئەو شارەوە بە هۆکارێکی ناڕوون لە کۆبوونەوەیەکدا دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کاتژمێر ٩ی شەوی رابردوو رێکەوتی ١٥ی رەشەمە نزیک بە ١٥٠ کوڕ و کچی خەڵکی شاری سنە لە یەکێک لە باخەکانی رێگەی \"سەڵوات ئاوا\"ی ئەو شارە دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ هەینی بنەماڵەی ئەو کوڕ و کچانە لە بەر دەم ئیدارەی پۆلیس لە شەقامی \"کشاوەرز(وەکیل)\" کۆبوونەتەوەو خوازیاری ئازادیی منداڵەکانیان بوون و هاوکات دۆخی شاری سنەش ئەمنیەتی کراوە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کرانی بە کۆمەڵی ئەو کوڕ و کچانە روون نەبۆتەوە، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە کە سەبارەت بە ٨ی مارس (رۆژی جیهانیی ژن) کۆبوونەوەیان پێک هێنابێت.

لە رۆژانی رابردووشدا چەند کەس لە چالاکانی ژنان و کرێکاریی شاری سنە لەلایەن ناوەندە ئەمنی قەزاییەکانی شاری سنەوە بانگهێشت و لەمەڕ بەڕێوەبردنی رۆژی ٨ی مارس هەڕەشەیان لێکرابوو.

بەپێی راپۆرتانەی کە بلاو بوونەتەوە \"سیمین چایچی، سووسەن رازانی، خالید و غالب حوسێنی، موزەفەر ساڵح نیا و خەلیل کەریمی\" لەو چالاکانە بوون کە بەرەەوڕووی هەڕەشەی ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری سنە بوونەتەوە.