لە کوردستان هەورە تریشقە ٩قوربانی لێکەوتەوە

14:36 - 17 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە چەندین شاری کوردستانی ئێران بە هۆی رووداوی سروشتی هەورە تریشقەوە ٤ کەس گیانیان لە دەست داوە و ٥ی دیکەش بە توندی بریندار بوونە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٩ کەس لە شارەکانی نەغەدە، پیرانشار و ورمێ بە هۆی بەرکەوتنی هەورە تریشقە کوژراو و بریندار بوون.

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی باوبۆرانی لەناکاو لە ئاوایی کەوپەڕی سەر بە شاری پیرانشار کەسێک بە ناوی \" حەمید\" بە هۆی هەورەتریشقەوە گیانی لەدەست داوە.

لە لایەکی دیکەوە لە ئاوایی \"گردوان\"ی ورمێ دوو برا بەر هەورەتریشقە کەوتوون و یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە و ئەوی دیکەش جەستەی تووشی سووتان هاتووە و ئاوایی \" ماسوێ\" لە نەغەدەش لە هەرەتریشقە بێبەری نەبووە و لاوێکی ئەو ئاواییەش گیانی لەدەست داوە.

لە ناوچەکانی ورمێش هەورەتریشقە قوربانی لێکەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە لاوێک بە ناوی \" عوزەیر سوڵتان دووست\"ی خەڵکی بەخشی سیلوانا گیانی لەدەست داوە.

لەو رووداوەشدا، محەممەد سولتان دووست برای عوزەیر بریندار و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

هەروەها لە مەحاڵی مڕگەوەریش سێ کەسی دیکە بە هۆی ئەو رووداوە سروشتییەوە بریندار بوون.

زاهیر و وەلی فەسیح کوڕ و باوک و دانیشتووی ئاوایی \" تەلکە\" هەورەتریشقەیان بەرکەوتووە و بریندار بوون.

فازل سەلامەت شوناسی هاووڵاتییەکی دیکەی ئاوایی \" تیبتان\"ــە کە هەورەتریشقە لێی داوە.