لە کرماشان مامۆستایانی ناڕازی جارێکی دیکە هاتنەوە سەرشەقام

15:23 - 25 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایانی کورد بۆ جارێکی دیکە لەبەردەم ناوەندە حکوومەتیەکاندا کۆبوونەوەو خوازیاری پێراگەیشتنی خێرا بە کێشە و گرفتە سینفییەکانیان بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٢٤ی رەشەمە، لە کرماشان و چەند شارێکی دیکەی ئێران مامۆستایان و فەرهەنگیان، ناڕەزایەتییان بە دۆخی نالەباری پیشە و کاری خۆیان دەربڕی.

مامۆستایانی کورد لە کرماشان، سەبارەت بە کەمتەرخەمیی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران و ئەو هەڵاواردنانەی کە لەگەڵ مامۆستایان کراوە، بە توندی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هەواڵنێری کوردپا لە کرماشان رایگەیاند: مامۆستایان خوازیاری جێبەجێ کردنی یاسای خزمەتگوزارییەکانی وڵات و وەرگرتنی هاوئاهەنگی مووچەکانیان وەک مووچەی خانوو، دامەزراندنی بانکی تایبەتیی فەرهەنگیان بوون.

کۆبوونەوەی بەردەم ئوستانداریی کرماشان، لەلایەن ئەنجومەنە سەربەخۆکانەوە بەڕێوەچووەو لە کۆتاییشدا بەیاننامەیەک خوێندرایەوە.

هەواڵدەریی (ئیرنا) ئاماژەی بە کۆبوونەوی ناڕەزایەتیی هاوشێوە لە شارەکانی شاریکورد، خوڕەماوا و شیرازدا کردووە وبڵاوی کردۆتەوە: \"مامۆستایان بە مەبەستی ئەویەکە ناوەندە حکوموەتییەکانی دیکەش گویبیستی دەنگی ناڕەزایەتییان بن، شوینی ناڕەزایەتییەکەیان لەبەردەم ئیدارەی پەروەردەوە بۆ ئوستانداری گۆڕیوە\".

پێشتریش مامۆستایان لە رێکەوتی ١٠ی رەشەمەدا، لە بەردەم ئیدارەی پەروەردەی شارەکانی کوردستان و ئێراندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنابوو.

لە بەرەبەری ساڵی نوێدا، مامۆستایانی کوردستان ٣ مانگی مووچەی رابردوویان پێنەدراوە و بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی وڵاتی ئیران رایانگەیاندووە کە لە ساڵی دااتوودا مووچەی ئەو چەند مانگەیان پێ ئەدرێت.

بەپێی ئامارەکان، لە وڵاتی ئیراندا نزیک بە ١ ملوێن و نیو مامۆستا ئەرکی وانە وتنەوە بە ١٤ ملوێن خوێندکاریان لە ئەستۆیە.