لە کرماشان رێز لە شارام نازری و یارمحەمەدخانی کرماشانی گیرا+وێنە

21:22 - 14 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: تەندیسی مافی مرۆڤی \"مێهر\" پێشکەشی شارام نازری، گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، کراو هاوکات کەمپەینی لایەنەگرانی \" یار محەمەدخانی کرماشانی\" دامەزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەر لەئێوارێی رۆژی رابردوو ئەنجومەنی پارێزەران لە دادگاکانی ئیلام و کرماشان، لە تەلاری \"انتظار (چاوەڕێ)\"ی کرماشان، دووەمین تەندیسی مافی مرۆڤی (مێهر)ی پێشکەشی شارام نازری کرد.

پێشتریش ئەو ئەنجومەنە رایگەیاندبوو، خەڵاتەکە بە مەبەستی رێزگرتن لەکار و بەرهەمە مافی مرۆڤییەکانی شارام نازری، پێشکەش بەو هونەرمەندە کوردە دەکرێت.

لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، شارام نازری چەندین کۆنسێرتی بەڕێوە برد، کە بەشێک لە داهاتەکەی بۆ چارەسەریی کچە قوتابیانی شیناوێ‌، تووشبوانی نەخۆشیی گولی لە گوندی بەسرێی مەهاباد، تووشبوانی شێرپەنجە و هەروەها کەسانی هەژار و دەسکورت تەرخان کردووە.

لەو رێوڕەسمەی رۆژی رابردوودا، عەلی ئەکبەر مورادی (سێ‌تار ژەنی کرماشانی) هاوڕێ لەگەڵ شارام نازری بە شێوەی راستەوخۆ چەند پارچە مۆسیقا و گۆرانیان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.

شارام نازری لە رێوڕەسمەکەدا گوتی: زۆر بە داخەوەم، کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەهۆی هێندێک کێشەو گرفتی سەر رێگەی فەرهەنگ و هونەر، نەمتوانیوە سەردانی زێد و نیشتمانەکەم بکەم.

لەلایەکی دیکەوە لە رێوڕەسمێکی دیکەداو لەسەر گۆڕی یار محەمەد خانی کرماشانی، یادی ئەو خەباتکارە کوردەی سەردەمی مەشرووتە کرایەوە.

شارام نازری، یار محەممەد خانی بە یەکێک لە خەباتکارانی ئازادیخواز و مەزنی کرماشان وەسف کرد و گوتی: هەتا ئێستا یارمحەمەدخان بە دروستی وبە شێوەیەکی شیاو رێزی لێ نەگیراوە و نەناسراوە.
ئەم کەمپەینە لەلایەن حەفتەنامەی \"نقد حال\" بەڕێوە دەچێت و لەسەر بیرۆکەی بەرپرسانی ئەو حەفتەنامەیە داندراوە.

ئەردەشیر کشاوەرز، توێژەر و مێژوو نووسی کورد دەڵێت: لە کاتێکدا کەس بوێریی ئەوەی نەبوو ناوی یار محەمەدخان بهێنێت، ئەمن کتێبێکم لە وەسفی ئەو کەسایەتییەدا نووسی.

یار محەمەدخانی کرماشانی کوڕی محەممەد، لە هۆزی بالوەند و ساڵی ١٢٥٠ و بەوتەی هێندیک کەسیش ساڵی ١٢٥٤ی هەتاوی لە کرماشان، لە داوێنی داکێک بەناوی \"بەلکیس\" چاوی بە دنیا هەڵێنا.

یار محەمەدخانی کرماشانی بە گوردی کورد (پاڵەوانی کورد) و (سەرداری خەباتکار) ناوبانگی دەرکردووە.

ئەم سەردارەی سەردەمی بزووتنەوەی مەشرووتە‌خوازی، پاش هاوکاری کردنی بزووتنەوەی مەشرووتە لە کرماشان، تەورێز و تاران، رێکەوتی ١٣ی مانگی رەزبەری ساڵی ١٢٩١ی هەتاوی لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی عەبولحوسێن میرزا و بە بڕیاری حاکمی کرماشان تیرۆر کرا.
\"18168.jpg\"

\"18167.jpg\"

\"18172.jpg\"

\"18175.jpg\"

\"18173.jpg\"

\"18174.jpg\"

\"18171.jpg\"

\"18169.jpg\"

\"18170.jpg\"

\"18177.jpg\"

\"18176.jpg\"