لە کامیاران کوڕێک بە دەستی باوکی کوژرا

17:12 - 11 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە شاری کامیارانی سەر بە ئوستانی کوردستان پیاوێک بە چەکی تاپڕ تەقەی لە کوڕە تەمەن ٢٢ ساڵەکەی کردووە و کوشتوویەتی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێ شەممە رێکەوتی ١٠ی خەرمانان لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی \" سامان پەرویزی\" بە دەستی باوکی کوژراوە.

سەرچاوەیەک باسی لەوە کردووە، بکووژەکە کە ناوی \" ئەحمەد پەرویزی\" تەمەن ٥٤ ساڵ بووە بە چەکی تاپڕ ئەو تاوانەی ئەنجام داوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەحمەد پاش کوشتنی کوڕەکەی هەڵاتووە و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە خۆی رادەستی پۆلیس نەکردووە.

دەوترێت ئەو بنەماڵەیە دانیشتووی ئاوای \" ئەڵک\"ی سەر بە کامیاران بوون.

لەوڵاتی ئێران خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژییەکان هەتا دێت روو لە زیاد بوون دەکات، لەو پێوەندییەدا دامەزراوەی \"گالۆپ\" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردبوویەوە کە خەڵکی ئێران و عێراق توندوتیژترین کەسان لە جیهان دان.

ئەو دامەزراوە ئاشکراشی کردبوو، خەڵکی ئێران و عێراق زۆر زوو تووشی هەڵچوون و توندوتیژی دەبن.