لە کامیاران پارکێکی تایبەت بە ژنان دروست دەکرێت

20:12 - 28 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی پەرە گرتنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان، ناوەندە حکوومییەکان لێک جیا کردنەوەی ژن و پیاو، کوڕ و کچ وەکوو فاکتۆرێک بۆ بەرنگاربوونەوەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە قەڵەم ئەدەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بڕیارە لە شاری کامیاران پارکێکی تایبەت بە ژنان دروست بکرێت، کە بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتیی فەرمانداریی شاری کامیاران ئامانج لەو کارەی \"بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خەسارە کۆمەڵایەتییەکان\" لە قەڵەم داوە.

پارکی تایبەت بە ژنان، کە لەژێر ناوی \"گەڵاڵەی میللی ستراتژیک(راهبردی)\"دا دروست دەکرێت، بەوتەی موحسین مورادی، دەکرێ راستەوخۆ خەسارە کۆمەڵایەتییەکان کەم بکاتەوە.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکان لەو پەیوەنییەدا نووسیویەتی، بڕیارە کۆمیتەیەکی ئیجرایی لە ژێر ناوی \"عیفاف و حیجاب\" لە شاری کامیاران پێک بێت، کە چاوەدێریی حیجاب و جلوبەرگی ژنان لەو شارەدا بکات.

لەلایەکی دیکەوە عەتا فەرهادی بەخشداری شاری کامیاران بۆ بەرنگاربوونەوەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان پێکهێنانی کۆبوونەوەی کەسانی ئایینی و شارەزایانی حیجابی ئیسلامی لەگەڵ منداڵانی باخچەی ساوایان و قوتابیی قوتابخانەکاندا بە باشترین رێکار بۆ بەرنگاربوونەوەی خەسارە کۆمەلایەتییەکان لە قەڵەم داوە.

کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان کە جیاکردنەوەی رەگەزی بەتایبەت لە نێو لاوانی کوڕ و کچ‌دا نە تەنیا کێشە و خەسارەکۆمەلایەتییەکان چارەسەر ناکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی زیادبوونی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و دروستبوونی پەیوەندیی نهێنی لە نێوان کچان و کوڕان و لە ئەنجامدا کۆمەڵگەیەکی هاوچەشنی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە.

جیاکردنەوەی رەگەزی لە زانکۆکانیش‌دا لە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوییەوە هاتۆتە ئاراوە و زۆربەی کارناسان ئەو جیاکردنەوەیە بە بابەتێکی سیاسی لە قەڵەم ئەدەن و هەروەها بە زیادکردنی فشار بۆ سەر زانکۆکان و خوێندکاران و ئەمنییەتی کردنی دۆخی زانکۆکانی لە قەڵەمی ئەدەن.