لە ژێر گوشاری وەزارەتی ئیتلاعات، دایکی شاعێرێکی کورد خۆی کوشت

16:06 - 19 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی یەکێک لە شاعێرانی خەڵکی شاری مەلەکشاهی سەر بە پارێزگای ئیلام، بوو بە هۆی خۆکوژیی دایکی ئەو شاعێرە کوردە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مریەم ئەفراسیابی، کە دایکی شاعێری ئیلامیی \"ژاکان باران\" بوو، بە هۆی گوشاری دەزگای ئیتلاعات و هەڕەشەکانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە، ڕۆژی هەینی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

\"\"
مریم ئەفراسیابی
دەگوترێ، دایکی ئەو شاعێرە کوردە بە \"حەبی برینج\" کوتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

پاش ئاگاداربوونی بنەماڵەی ئەو شاعێرە کوردە لەو ڕووداوە، مریم ئەفراسیابی بۆ نەخۆشخانەی \"تپە خرگوش\" دەگوازنەوە و هەنووکە تەرمی ناوبراو لە بەشی ئای سی یووی ئەو نەخۆشخانەدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەلەکشاهی، بە بانگهێشت کردنی بەردەوامی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە و هەروەها بە ناردنی کورتەنامەی هەڕەشە‌ئامێز گوشاریان خستووەتە سەریان و ئەمەش بووەتە هۆی خۆکوژی دایکی ئەو شاعێرە کوردە.

\"حوسێن باقری\" ناسراو بە (ژاکان باران) تەمەن ٣٦ ساڵ، خەڵکی شاری مەلەکشاهی پارێزگای ئیلامە و چەندین جار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە.