لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ئازەبایجانی ئێران ١٣٨ کەس دەستبەسەر کراون

20:39 - 24 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی ئازەری و دەستبەسەرکردنیان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێرانەوە، سەرەڕای تێپەڕینی یەک حەوتوو لە دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان، بەردەوامە.

بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانەی کە لەماوەی حەوتووی رابردوودا بڵاو بوونەتەوە، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی ئازەربایجانی ئێران، دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی دەیان کەس کە زۆربەیان لاون.

دەستبەسەر کردنی لاوان لە شارەکانی مێشکین شار، تەورێز، موغان، مەلەکان، ئەردەبیل، ئەهەر، خۆی، نەغەدە و ورمێ تۆمار کراوە.

بزووتنەوەی خوێندکاریی ئازەربایجان ڕێژەی ئەو هاووڵاتیانەی کە دەستبەسەر کراونی بە ١٣٨ کەس ڕاگەیاندووە کە لە دووشەممەی ڕابردووەوە هەتا دوێنێ، ٢٩ کەسیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

دەوترێت کە لە شاری تارانی پێتەختی ئێرانیش نزیکەی ٢٠ خوێندکار لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون.

زۆربەی ئەو کەسانە بە \"هەڵخڕاندن، کۆبوونەوە و تێکدانی تەناهیی وڵات\" تاوانبار کراون.

هەموو میدیا ئازەری زمانەکان ڕێپێوانەکانی ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە، بە \" کۆبوونەوە دژی ڕەگەز پەرەستی\" ناو دەبەن کە لە لایەن هێزە تایبەت و لیباس شەخسییەکانی حکوومەتەوە توندوتیژی لێ‏کەوتووەتەوە.

ماوەیەک بەر لە ئێستا، کەناڵی دووهەمی دەنگ و ڕەنگی ئێران، بەرنامەیەکی لەژێر ناوی \"فتیلە\" بڵاو کردەوە کە لە لایەن چالاکانی مەدەنیی ئازەربایجانەوە وەکوو بێڕێزی بە نەتەوەی تورک لەقەڵەم درا.

دواتر و لە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەردا، دوابەدوای داواکاریی ڕێکخستنە سیاسی و مەدەنییەکانی ئازەربایجان، شارە ئازەری نیشینەکان ناڕەزاییەتییان دەربڕی و هەتا ئێستاش ئەو ڕەوتە درێژەی هەیە.

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ده‌نگ و ڕه‌نگی كۆماری ئیسلامیی ئێران چه‌ندین جار، له ‌پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی ئێراندا، ده‌ستی داوه‌ته ‌هه‌ندێ كردەوه‌ی دزێو و سووكایه‌تی پێكردن، كه‌ تووڕه‌بوون و ناڕه‌زایه‌تیی كورده‌كان، توركه‌كان، به‌لووچه‌كان، لوڕه‌كان و عه‌ره‌به‌كانی لێ‏كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ساڵه‌كانی ١٣٨٥ و ١٣٩٢ی توركه‌كان و لوڕه‌كان له ‌به‌ربڵاوترینی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ بوون.