لە چارەنووسی خوێندکاریکی کورد هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە

21:29 - 6 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی خوێندکارێکی کورد لە زانکۆی تاران، پاش دەستبەسەر کردنی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیەوە ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی فەرشاد ئەمینی خوێندکاری تێرمی کۆتایی بەشی ئاسەوارناسیی زانکۆی تاران، پاش دەستبەسەر کردنی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

ئەو خوێندکارە کوردە، ڕۆژی سێ‏شەممە ١ی بەفرانبار لە تاران لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

دەوترێ، سەرەڕای سەردانی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو خوێندکارە بۆ ناوەندە ئەمنیەتیی و قەزاییەکان، لە پەیوەندی لەگەڵ گیرانی فەرشاد، هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەرێنییان لە لایەن ئەو ناوەندەوە وەرنەگرتووەتەوە.

فەرشاد ئەمینی یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی کورد لە زانکۆی تارانە و لە زۆربەی کەمپینەکانی ژینگەپارێزیی و کۆمەڵایەتی‏دا، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.