لە پێشوازی چوارشەممە سووریدا منداڵێکی کرماشانی هەر دوو دەستی پەڕی

21:39 - 22 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری خۆ ئامادەکردن بۆ ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووری وەکوو دوایین چوارشەممەی ساڵ، هاووڵاتییەک هەر دوو دەستی لە دەستدا و بەو پێیە هەتا ئێستا ١٥ هاووڵاتیی بوونەتە قوربانی کەرەسەی تەقەمەنی.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە بەربەری چوارشەممە سووری بە هۆی یاری کردن بە ماددەی تەقەمەنی، منداڵاێکی تەمەن ١٢ ساڵان لە پارێزگای کرماشان هەر دوو دەستی لە دەستدا.

بەرێوەبەری گشتی ئاگرگوژێنەوەی پارێزگای کرماشان لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر ڕاگەیاند: ئەو ڕووداوە لە کاتژمێری ٢ی دوانێوەڕۆ، لە شارەکی حافزیەی شاری کرماشان ڕوویداوە.

بە وتەی حوجەتوڵڵا جەهانبەخشی، ئەو تەقینەوەی بوو بە هۆی ڕووخانی یەکێک لە خانووبەرەکانی ئەو شارەکە و زیاتر لە سەدا ٦٠ خەساری بەو خانوو گەیاندووە.

ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمە لە پێشوازیی ڕێوەڕەسمی چوارشەممە سووری لە شاری شنۆ، هاووڵاتیەکی تەمەن ٢٢ ساڵەگیانی لەدەست‏دا و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی تەمەن ١٣ ساڵەش لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، بە هۆی یاری کردن بە کەرەسەی چێ کردنی تەقەمەنی بۆ چوارشەممە سووری، بریندار دەبێت و دوای یەک حەوتوو لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی پێنج شەممە هاووڵاتییانی کوردستان کەمپینێک بۆ نەکڕینی مادەی سووتێنەر لە شارەکانی شنۆ،نەغەدە، پیرانشار، بوکان و مەهاباد وەڕێخرا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانێشەوە دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو.