لە پیشانگەی کاڵا ئێرانییەکان لە سلێمانی، لەسەر ئاڵای کوردستان شەڕ و ئاڵۆزی هاتە ئاراوە

17:03 - 1 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە پیشانگەی کاڵا ئێرانییەکان لە شاری سلێمانی لەسەر ئاڵای کوردستان لە نێوان شاندی ژووری بازرگانیی ئێران و ژووری بازرگانیی سلێمانی کێشە دروست بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ و لە پیشانگەی کاڵا ئێرانییەکان لە شاری سلێمانی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران لەسەر ئاڵای کوردستان لەگەڵ ئەندامانی ژووری بازرگانیی شاری سلێمانی بەکێشە هات.

لەو پەیوەندییەدا یاسین رەحیم فەرەج جێگری یەکەمی ژووری بازرگانیی سلێمانی لە لیدوانێکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ هەرچەند من بۆخۆم لەو کاتەدا لەوێ ئامادە نەبووم، بەڵام ئەو کێشەیە، کە رۆژی رابردوو هاتبووە ئاراوە، لەسەر چۆنییەتیی دانانی ئاڵای کوردستان بوو.

گوتیشی، شاندەکەی ژووری بازرگانیی ئێران ئاگاداری ئەوە نین، کە رێسای دانانی ئاڵای کوردستان لە هەرێمی کوردستان بە چ شێوەیەکە، بۆیە بەم هۆیەوە بوو کە کێشە لە نیوان دوو لایەنی ژووری بازرگانیی ئێران و شاری سلێمانی هاتە ئاراوە.

\"20099.jpg\"
لەمیا رەسووڵ هەواڵنێری وارتی‌ڤی
هەر لەو پەیوەندییەدا ماڵپەڕی خەندان لەزاری پەیامنێری کەناڵی وارتی‌ڤی‌یەوە بڵاوی کردۆتەوە، لە کاتی کرانەوەی پیشانگاکەدا ده‌مه‌قاڵه‌ و مشتومڕ له‌نێوان ئەندامانی ژووری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ و ژووری‌ بازرگانی‌ ئێراندا دروست بوو، کە ئێرانییه‌كان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دا نه‌بوون ئاڵای‌ كوردستان لەوێ دابندرێت.

لەمیا رەسووڵ هەواڵنێری وارتی‌ڤی گوتووشیەتی: لە کاتێکدا سەرقاڵێ وێنەگرتن لە شەڕ و دەمەقاڵەی نێوان ئەندامانی ژووری بازرگانیی ئێران و شاری سلێمانی‌دا بووین، کە سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان کرابوو، لەلایەن ئاسایشەوە هێرشم کرایە سەر و فیلمی نێو کامێراکەیان لێ زەوت کردین.

رۆژی رابردوو رێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ کۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنووسان CPJ کە رێکخراوێکەی ئەمریکاییە، بەهۆی پێشێلکارییەکانی دژبە رۆژنامەنوسان لەکوردستان سەردانی شاری سلێمانیی کردبوو، کە لە کۆڕێکدا ره‌خنه‌ی له‌ دۆخی رۆژنامه‌گه‌ریی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گرتبوو، کە لە هەرێمی کوردستان رۆژنامەنووسان بەرەوڕووی توندوتیژی و پێشێلکاری دەبنەوە.

لە رۆژانی رابردووشدا کونسوولگەریی ئێران لە شاری سلێمانی لە بابەتێکدا کە لە ماڵپەڕی ئەو کونسوولە بڵاو ببوویەوە، سووکایەتی بە کۆماری کوردستان و هەروەها مێژووی گەلی کورد کردبوو.