لە پیرانشار قوتابخانەیەکی دیکە لە ئاگردا سووتا

15:31 - 20 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی \"ناستانداردبوونی کوورەی نەوتی\"، قوتابخانەی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی پیرانشار ئاگری تێبەربوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی رێبەندان، قوتابخانەی ٢٦ کەسیی گوندی \"شختان\"ی سەربە پیرانشار، لە ئاگردا سووتا.

دەگوترێ، ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بەهۆی \"ناستانداردبوونی کوورەی نەوتی و هەڵکردنی بایەکی بەهێز\"ـەوە هاتۆتە ئاراوە.

لەو رووداوەدا، هیچکام لە قوتابییان زیانی گیانییان بەر نەوکەوتووە، بەڵام زیانێکی زۆری ماڵی بە قوتابخانەکە گەیشتووە.

ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی گوندی \"شختان\" لە کاتێکدایە، کە لە ئەمساڵی نوێی خوێندندا لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، ٩ هەزار پۆلی خوێندن لە شار و گوندەکانی ئەو ئوستانەدا کەڵک لە کوورەی نەوتی وەردەگرن.

بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، بۆ پاساو هێنانەوە بەو کوورە نەوتییانە بە هەواڵدەریی مێهری راگەیاندبوو؛ \"ئەو کوورە نەوتییانە سیستەمی کاربراتۆریان هەیە و بە شێوەی بەردەوام کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری دەکرێن\".

کارناسانی کاروباری پەروەردەیی کوورەی نەوتی بە ستاندار و ناستانداردەوە بە بۆمبی قورمیش کراو لە قوتابخانەکاندا وەسف دەکەن.

هەتا ئێستاش لە ناوچە پەراوێز خراوەکان، سیستەمی گەرمکردنەوەی قوتابخانەکان، کوورەی نەوتییەو لە ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ٥٠ قوتابی لە وڵاتی ئێراندا بەهۆی سووتانی قوتابخانەکەیانەوە گیانیان لەدەست داوەو ژمارەیەکیش تووشی سووتانی جەستەیی و کەمئەندامی بوونە، کە رووداوی دڵتەزینی \"شیناوێ\"ی پیرانشار یەکێک لەو رووداوە دڵتەزێنانە بوو.