لە پارێزگای کرماشان ٧٠٠ منداڵی کار بوونیان هەیە

13:47 - 31 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: منداڵانی کار لە ئێران ڕووی لە زیاد بوون کردووە و تەنیا لە پارێزگای کرماشان دا ٧٠٠ منداڵی کار بوونیان هەیە.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری بەرێوەبەری گشتی بێهزیستی پارێزگای کرماشانەوە بڵاویکردەوە کە؛ ئەو منداڵانە تەنیا منداڵانی کار و سەرشەقامن کە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان خەریکی کار کردنن.

بە وتەی ئومید قادری، لە پارێزگای کرماشان ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ منداڵی کار بوونی هەیە کە لەو ڕێژەیە ٣٠٠ کەسیان دۆزراونەتەوە بەڵام ڕێژەی ئەو منداڵانە لە ئاستی پارێزگا و ئێران بە تەواوەتی ڕوون نیە.

بەڕێوەبەری بێهزیستی پارێزگای کرماشان منداڵانی کار و سەرشەقام بە خەسارێکی کۆمەڵایەتی دەزانێ و دەڵێ، ئەو دیاردەیە لە هەموو وڵاتان بوونی هەیە و هۆکاری ئەوەش بۆ کێشە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە.

بەپێی ئامارەکان، ڕێژەی منداڵانی کار لە پارێزگای کرماشاندا، بە نزیک لە ١٠٠٠ کەس، خەمڵێندراوە.

لە پێناسەی جیهان و بەپێی مادەی یەکی ڕێککەوتننامەی مافی منداڵ، \"منداڵانی کار\" بریتین لەو منداڵانەی کە تەمەنیان لە ٥ ساڵ زیاترە و ولە ١٨ ساڵیش کەمترە و زیاتر لە ١٤ کاتژمێر لە حەتوویەکدا کار دەکەن.