لە پارێزگای كوردستان 255بەرهەمی میراتی سروشتی پەیدۆزی كران

14:04 - 4 بەفرانبار 2711
كوردپا: لە پارێزگای كوردستان هەتا ئێستا 255 ناوچەی سروشتی پەیدۆزی\"شناسایی\"كران كە بریتین لە: داری كۆن، ناوچەی سروشتیی تایبەتمەند و غار كە چوار بەرهەمیان لە لیستەی بەرهەمە میلییەكاندا تۆمار كراون.

بەرپرسی ئیدارەی گشتیی میراسی فەرهەنگی و پیشە دەستی و گەشتیارییەكانی پارێزگای كوردستان رایگەیاندووە، ئەو چوار بەرهەمە تۆمار كراوە بریتین لە: كێوی ئاویەر، زەریاچەی زرێوار، زمان چۆلەكە لە شاری كامیاران و هەروەها ناوچەی سروشتیی \"عەبدولموئمن و كاشتەر\" لە شاری كامیاران.

ئەمیر ئیلاهی ئەوەشی بە هەواڵدەریی ئیرنای راگەیاندووە، لە حاڵی حازردا 36 پەروەندەی میراسی سروشتی بۆ تۆمار كردن لە لیستەی بەرهەمە میلییەكانی ئێران رەوانە كراون و لە دەستوور كاری ئەو ناوەندە دان.

هەتا ئێستا لە پارێزگای كوردستان یەك هەزار و 500 بەرهەمی كەونارایی و مێژوویی پەیدۆزی كراون كە لەو رێژەیە 750 بەرهەمیان لە رێزی ئاسەوارە میلییەكان دان.

لە رۆژانی رابردووشدا حەوت ناوچەی شاری بانە وەكوو ناوچەی گەشتیاری و شوێنی نموونەیی ناسێنراون كە بریتین لە گوندەكانی: ئاڵوەت، دووكانان، ساڵۆك، ئارمردە، سوورێن، بوویین سەروو و نجنێ.