لە ئوستانی ورمێ زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکانن

16:02 - 3 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: ئاماری تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان رۆژ لەدوای رۆژ لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان روو لە زیادبوون دەکات و ئاماری تووشبووان بە ماددەی هۆشبەر لە ئوستانی ورمێ ٣٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا یەکێک لە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ورمێ، ئاماری تووشبوان بە ماددە هۆشبەرەکانی ئەو ئوستانەی بڵاو کردەوە.

عەلیرەزا جرینی بەرپرسی ستادی \"بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان\" لە ئوستانی ورمێ، ژمارەی تووشبووان بە ماددە هۆشبەرەکانی ئەو ئوستانەی لە نێوان ٣٠ هەتا ٣٥ هەزار کەس لە قەڵەم داوە.

ئەو بەرپرسە گوتووشیەتی: تەمەنی تووشبوان بە ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتی ئێران لە نێوان ١٥ هەتا ٦٤ ساڵدایە و لەگەڵ ئەوەشدا ٧٠ لەسەدی زیندانیانی وڵاتی ئێرانیش لەسەر ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و مەحکووم کراون.

بە گوتەی جرینی، بەرپرسی \"بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان\" لە ئوستانی ورمێ، هەنووکە ١٠٧ کەمپی وەلانانی ماددە هۆشبەرەکان لەو ئوستانەدا بوونی هەیە.

وتەکانی ئەو بەرپرسە بۆ بەرنگاربوونەوەو وەلانانی ماددە هۆشبەرەکان لە کاتێکدایە، کە بە وتەی هاووڵاتییانی ناوچەی سەردەشت، تەنیا لە شاری سەردەشت و دەوروبەری زیاتر لە ٣٠٠ بنکەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری شیشە بوونیان هەیە.

هاووڵاتییانی ناوچەی سەردەشت باس لەوە دەکەن، کە تیکڕای کارگەکانی بەرهەمهینانی شیشە لەلایەن کەسانی سەربە سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئیدارە دەکرێن و بە ئاشکرا ماددەی بەرهەمهێندراوی شیشە لە نێو لاواندا بڵاو دەکەنەوە.

بەپێی ئاماری بەرپرسانی حکوومەتی لە ئێران، هەنووکە لە وڵاتی ئێراندا ١ ملوێن و ٣٢٥ هەزار کەس گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکانن، کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٩.٧ لە سەدیان ژنان و کچان پێکی دێنن و ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار کەس لە وڵاتی ئێراندا بەهۆی ئاسەوارەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرە گیانیان لەدەست ئەدەن.