لە هەولێر ئێوارە شێعرێكی بەربڵاو بۆ عەبدوڵڵا پەشێو رێك دەخرێت

21:01 - 16 بانەمەڕ 2712
كوردپا: یەكیەتیی نووسەرانی كورد لقی هەولێر، لە درێژەی چالاكییەكانیاندا، ئێوارە كۆڕێك بۆ شاعێری ناسراوی كورد عەبدوڵڵا پەشێو، رێك دەخات.

عەبدولڕەحمان فەرهادی بەرپرسی یەكیەتیی نووسەرانی كورد، لقی هەوڵیر لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی پەیامنێری راگەیاندووە، عەبدووڵڵا پەشێو شاعێری ناسراوی كورد پاش ساڵانێكی زۆر دوورە وڵاتی، بۆ یەكەم جار ئەم كۆڕە شیعرییە لە هەولێر ساز دەكات و تێیدا چەند دەقێكی شێعریی نوێی خۆی پێشكەش بە لایەنگرانی دەكات.

\"4437.jpg\"
ئەو كۆڕە شیعرییە، كاتژمێر 5ی ئێوارەی رۆژی یەكشەممە، لە هۆڵی پێشەوا لەناو وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

فەرهادی ئەوەشی خستۆتە روو \"شاعیر بە نیازە چەند كۆڕێكی دیكەی تایبەت بگێڕێت، یەكێكیان بۆ یەكیەتیی نووسەرانی كورد، لقی هەولێرە، بەڵام تایبەتە بە چەند كەسانێك كە بە داوەتنامە داوەتی كۆڕەكە دەكرێن\".

مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێو، پاش ساڵانێكی زۆر دوورە وڵاتی، ماوەی یەك مانگە بە سەردان گەڕواەتەوە كوردستان و بڕیارە زنجیرە كۆڕێكی شێعر خوێندنەوە بگێڕێت.

لە حەفتەكانی رابردوودا لە ناوچەكانی كەلار و سۆران كۆڕی شێعری بەڕێوە بردووە.