لە هەر چرکەیەدا ١٢ لیتر زێراب دەڕژێتە نێو گۆلی زرێبار

15:42 - 16 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا چالاکانی ژینگەپارێزیی کورد سەبارەت بە مەترسیی لەناوچوونی گۆلی زرێبار بەردەوام هۆشدارییان داوە، هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رزگارکردنی ئەو گۆلە بە ئەنجام نەگەیشتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسی تیمی رزگارکردنی گۆلی زرێبار، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ تیمی رزگارکردنی گۆلی زرێبار رەخنەی لە دەزگای بەڕێوەبەری گرت و رایگەیاندووە؛ \"نابێ بە مەیلی خۆی کاری سەلیقەیی لەسەر گۆلی زرێبار بکات\".

ئەمیر قادری لەو دانیشتنەیدا لەگەڵ تیمی رزگار کردنی گۆلی زرێبار رەخنەی لە زیادبوونی ژمارەی لێکۆڵینەوەکانی سەر گۆلی زرێبار گرتووە، گوتوویەتی ئەو لێکۆلێنەوانە هەتا ئێستا هیچ کاریگەرییەکیشیان نەبووە.

ئەو جێگری بەشی \"عمرانی\" ئوستانداریی ئوستانی کوردستان، نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ئێستای گۆلی زرێبار دەربڕیوەو گوتوویەتی؛ لە هەر چرکەیەکدا ١٢ لیتر زێراب (فاضلاب)ی گەڕەکی سەردۆشی دەڕژێتە نێو گۆلی زرێبار.

بە گوتەی چالاکانی ژینگەپارێزی، بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ژینگە و حکوومەت و هەروەها تێكه‌ڵبوونی زێراب و فازڵاوی هێندێک گه‌ڕەكەکانی ده‌ورووبه‌ری شاری مه‌ریوان بەو گۆلاوه، ئەگەری وشکبوونی ئەو گۆلاوە بەردەوام بەهێزتر دەبێت.

کەمتەرخەمیی بەرپرسانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کاتێکدایە کە ساڵانە بە هەزاران گەشتیاری ئێرانی و بیانی روو لە گۆلی زرێبار و سەیرانگاکانی دەورووبەری دەکەن و لەگەڵ ئەوەیکە داهاتێکی بەرچاوی بۆ حکوومەتیش هەیە، بەڵام هەتا ئێستا لە بوونی خزمەتگوزاری بێبەرییە.

گۆلی زرێبار وەک یەکێک لە گه‌وره‌ترین گۆلاوە شیرینەکانی جیهان، بە بەرزایی ١٢٥٠ میتر لە ئاستی دەریا و بە مەودای ٣ کیلۆمیتر دوور و لە رۆژئاوای شاری مەریوان ھەڵکەوتووە.

چالاکانی ژینگەپارێزی لەو باوەڕەدان وشكبوونی گۆلی زرێبار دەبێته هۆی تێكچوونی باری كه‌ش و هه‌وای ناوچه‌كه و هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی خراپی له سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان وبوونەوەرانی ئەو ناوچەیە دەبێت.